بەریتانیا: بەغدا دەبێ بیسەلمێنێ كە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە ناكرێت
پەرلەمانتاری بەئەزموون و هەروەها نێردراوی پێشووی مافەكانی مرۆڤ بۆ عێراق، ئان كلۆید، سەبارەت بە دەركەوتنی میلیشیا شیعە هاوپەیمانەكانی ئێران وەك یەكێك لە سەرەكیترین هێزەكانی عێراق پرسیاری لە هامۆند كرد.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی ئەوەدا، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هێزەكانی ئێرانیش بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنەكانی دەوروبەری تكریت بەشدارن. هامۆند هەروەها جەختی لەسەر سیاسەتی لەمێژینەی بەریتانیا لەمەڕ عێراق كردەوە و گوتی "عێراق تەنیا بەوە دەبێت بە دەوڵەتێكی سەركەوتوو كە لە حوكمڕانی خۆیدا كورد، شیعە و سوننە لە ئامێز بگرێت"، بەڵام وەكو دیارە، بەغدا رێگەی داوە بە خۆی كە تەنیا پشت بە هێزەكانی ئێران ببەستێ، ئەمەش وا دەردەخات كە هاتنەدی ئەم جۆرە لە حوكمڕانی سەخت بێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی دەبێت بەغدا پەرە بە هێزە سوننەكان بدات، بۆ ئەوەی لەگەڵ میلیشیا شیعەكاندا هاوسەنگ ببنەوە و پاشان تێكەڵ بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكرێن.
هامۆند جەختی كردەوە لەسەرئەوەی "بەغدا دەبێت بیسەلمێنێ كە لەلایەن ئێرانەوە و بەهۆی میلیشیا شیعەكانەوە بە ئاراستەیەكی دیاریكراوەوە پابەند نەكراوە، ئەگەرنا ناتوانێت متمانەی سوننەكان مسۆگەر بكات كە دەبێت لە پرۆسەی لەناوبردنی داعشدا بەشدار بن".
فیلیپ هامۆند لەگەڵ پەرلەمانتاری كوردی ناو پەرلەمانی بەریتانیا، نازم زەهاوی هاوڕا بوو، كە ئۆپەراسیۆنی تكریت "تاقیكردنەوەیەكە بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ ئەكتەرەكانی وەكو ئێران و میلیشیا شیعەكان بە نیازن بە چ شێوازێك دوای دەركردنی داعش لە تكریت ئاشتی لەو شارەدا سەقامگیر بكەن". هامۆند هەروەها هۆشداریشی دا كە لە هەناوی هەر سەركەوتنێكدا، مەترسی شكستیش خۆی حەشارداوە.
كلۆید لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا مەسەلەی بەشدارنەكردنی كوردی لە "كۆنفرانسی نێودەوڵەتی دژی داعش" باسكرد و گوتی "پێدەچێت ئەمە كوردی زۆر ناڕەحەت و بێزار كردبێت". ئەو هەروەها پرسیاری لە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كرد ئایا حكومەتی بەریتانیا پێیوانییە دەبێت بەغدا هانبدات بۆ ئەوەی بەشدارییەكی زیاتر بە كورد بكات. هامۆند لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا گوتی "بێگومان ئێمە نەماندەتوانی كورد وەكو خۆیان بانگهێشت بكەین، چونكە ئەمە كۆنفرانسی دەوڵەتان بوو، بەڵام ئێمە هانی عێراقمان دا كە لەناو شاندەكەی خۆیاندا كوردیش بەشدار بكەن. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەرئەوەی بەغدا هانبدەین بۆئەوەی شێوازێك لە كاركردن بگرێتەبەر كە هەموو لایەنەكان لە خۆبگرێت."
سەبارەت بە مەسەلەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا، كە كلۆید بە پەیوەندییەكی "لەرزۆك" ناوی برد، هامۆند رایگەیاند هۆكاری ئەمە لە بنەڕەتدا بۆ نەوت دەگەڕێتەوە.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رێككەوتنی ساڵی پار لەسەر 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك كراوە، بەڵام كاتێك ئەم نرخە دادەبەزێت بۆ نیوە "ئیتر لەوێوە تووشی كێشە دەبیت. ناشكرێت هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوەی بیری لێدەكەنەوە رازی بكرێن".
هامۆند لە كاتی شیكردنەوەی ئەسڵی كێشەكەدا گوتی "ئەگەر كورد ئەو بڕە نەوتە بۆ بەغدا بنێرن كە پێشتر گوتوویانە دەینێرن، ئەوە بودجەی خۆیشیان زۆر بەرزدەبێتەوە. چونكە ئەو بڕە نەوتەی ئەوان دەتوانن بیفرۆشن، نرخەكەی نیوە بووەتەوە. بەغداش ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی پێنەگات كە هەرێمی كوردستان بەڵێنی پێدابوو، ئەوە ناتوانێ نەوتی پێویست هەناردە بكات بۆ پڕكردنەوەی بودجە".
بەڵام ئەمە كێشەكە بەشێوەیەكی هەڵە دیاری دەكات و مەسەلەكان ئاڵۆز دەكات. كاتێك مالیكی بە شێوەی یەكلایەنە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، نرخی یەك بەرمیل نەوت لەسەرووی 100 دۆلاری ئەمریكی بوو. رێككەوتنی مانگی دیسەمبەری نێوان هەولێر و بەغدا بە مانای بەرزبوونەوەی داهاتی گشتیی هەرێم نایەت. بەڵكو تەنیا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هەولێر نەوتی خۆی بفرۆشێت و كۆی داهاتەكەی رەوانەی بەغدا بكات، لە بەرامبەردا بەغداش بودجە رەوانە بكات و مووچەی پێشمەرگەش بدات. ئەم رێككەوتنە كاتییە زیاتر كردەیی بووەوە كاتێك نرخی نەوت دابەزی و زەروورەتی فرۆشتنی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕییە نەوتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاوە هاتە ئاراوە.
هەر زوو زەنگی خەتەر لێدرا كە گوایە بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان كەمترە لەوەی دەبووایە هەبێت، ئەمەش تەنیا لەسەر بنەمای تێكڕای هەناردەی چەند مانگێك نەك یەك ساڵی تەواو. ئامانج لەمەش لادانی سەرنجەكان بوو لەسەر ئەوەی بەغدا نەیتوانیوە هەموو بەشە بودجەی كوردستان بنێرێت. وەكو ئەوەی ئێمە زانیومانە لەوەتەی حەیدەر عەبادی بووە بە سەرۆك وەزیران، كوردستان تەنیا 10%ی بەشە بودجەی خۆی وەرگرتووە.
ئەمە بەشێوەیەكی بەرچاو ئابووریی كوردستانی لاواز كردووە كە وادەكات كوردستان بۆ رێگای نوێ بگەڕێت بۆ ئەوەی سەرچاوەی دارایی نوێ بدۆزێتەوە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە. هەروەها پرۆژە وەستاوەكانی خۆی پێ زیندوو بكاتەوە و چالاكییە ئابوورییەكانی خۆی زیاد بكات. ئینجا هەموو كەس دەبێت پەی بەوە بردبێت كە پێویستە چەكی قورس بە كورد بدرێت. راستە، داعش پاشەكشێی پێكراوە، بەڵام كورد چەكی پێویستیان لەبەر دەست نییە بۆ ئەوەی بە درێژایی سنوورە هەزار كلیۆمەترییەكەیان لەگەڵ داعش بە چەكی قورس بەرپەرچی هێرشەكانی داعش بدەنەوە.
رەنگە وەزیری دەرەوە بە نیاز بێت پێش بینینی سەركردەكانی هەولێر و بەغدا هێمنی خۆی بپارێزێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێندەمان نەماوە هەڵسەنگاندێكی وردتری پرسە سەرەكییەكان ببیستین، كاتێك كە حكومەتی بەریتانیا دەبێ وەڵامی راپۆرتی كانوونی دووەمی لیژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمان بداتەوە. پێناسەكردنی دروستی كێشەكان رۆڵێكی بنەڕەتی هەیە لە چارەسەركردنیان.
روداو
