داعش سەدان گەنج لە تكریت دەكوژێت

داعش سەدان گەنج لە تكریت دەكوژێت
شایەتحاڵێك ئاشكرای كرد، ڕێكخراوی توندڕەوی داعش لە شاری تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین بێهیوا بووە و سەدان گەنجی لە شارەكە كوشتووە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی، كە ماڵپەڕی (ئیلاف) لە زاری شایەتحاڵێكەوە بڵاوی كردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015-03-12، پێكدادانەكانی نێوان هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی داعش لە شاری تكریت بەردەوام بووە و داعش لە مانەوەی لەو شارە بێهیوا بووە، بۆیە نزیكەی 150 خانووی شارەكەی سووتاندووە و زۆربەی كەلوپەلە بەنرخەكانیشیان لە نێو ئەو خانووانە چۆڵ كردووە، كە دانیشتووەكانیان پێشتر بە هۆی شەڕەوە ئاوارە بوون.

شایەتحاڵەكە ئاماژەشی بەوە داوە، كە چەكدارانی داعش بڕیاری كوشتنی بە سەر سەدان گەنجی تكریتدا جێبەجێ كردووە، كە لایەنگری هێزە ئەمنییەكانی عێراق بوون. بەڵام بە هۆی زۆری ژمارەی كوژراوەكانەوە، نازانرێت بە تەواوی چەند كەس لە لایەن داعشەوە كوژراون.
Top