ژاپۆن یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی عێراق دەنێرێت
کازویا ناشیدا، باڵیۆزى ژاپۆن لە بەغدا، ڕایگەیاند لەناو ئەو یارمەتیانەدا ١٨ ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن بوونیان هەیە، کە دەکرێت لەکاتى پێویست و لەناکاودا بۆ چارەسەرکردنى ئاوارەى کەمپەکان بەکاربهێندرێن، چونکە لەوێ فریاگوزارییە تەندروستییەکان وەک پێویست نین.
کازویا وتیشى "لە ساڵى ٢٠١٤ وە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە، ئەوەش کاریگەرى خراپى کردووەتە سەر سیستمى تەندروستى هەرێم کە خۆى لەخۆیدا سیستمێکى لەرزۆکە".
ئاماژەى بەوەشدا بە هاوکارى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم و لە ڕێگەى نوسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خزمەتگوزارى پڕۆژەکان، ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەکرێت.
حکومەتى ژاپۆن هاوکارى زۆری حکومەت و گەلى عێراقى کردووە لە ڕووى دابینکردنى هاوکارى مرۆیى و دارایى و ئەنجامدانى چەندین پرۆژەى جۆراوجۆر.
ژمارەى ئاوارەكان لە عێراقدا بەگشتی دو ملیۆن و ٦٥٤ هەزار كەسی تێپەڕاندووە، لە بودجەی ٢٠١٥ى عێراقدا دو ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هاوکاریکردنیان دیاریكراوە، و لەڕێى لیژنە تایبەتمەندەکانەوە بە شێوەی مانگانە بەسەر خێزانە ئاوارەكاندا دابەش دەكرێت.
