هادی عامری: تا ئێران هەبێت پێویستیمان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نییە

هادی عامری: تا ئێران هەبێت پێویستیمان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نییە
فەرماندەی هێزی بەدر و هێزی میلیشیای حەشدی شعبیی شیعە دانی بەوە نا كە ڕاوێژكارە سەربازییەكانی ئێران لە شەڕی دژی داعش هاوكارییان دەكەن و ڕایگەیاند كە ڕاوێژكارانی سەربازیی ئێران هاوكاریی ئەوان دەكەن و بە بێ‌یارمەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژی داعش؛ عێراق سەركەوتن بەدەست دێنێت.

لە میانەی لێدوانێكدا هادی عامری فەرماندەی هێزی بەدر و حەشدی شعبی گوتی: “عێراق بە بێ‌پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە دژی چەكدارانی داعش سەركەوتوو دەبێت و ئاماژەی بەوەدا كە ئەوەی بۆ رزگاركردنی ناوچەكانی عێراق هیوای بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبێت ئەو هیوایە دەچێتە ناو گۆڕەوە”.

عامری نەیشاردەوە كە ڕاوێژكارانی سەربازیی ئێران كە ئێستە بەبوونیان لە عێراق شانازی دەكەن؛ بوونیان هەیە و لە شەڕی دژی چەكدارانی داعش یارمەتی حەشدی شعبی دەدەن و گوتی تا ئێران هەبێت پێویستیمان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هیچ هێزێكی دیكە نییە .

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا دووشەممەی رابڕٍدوو مارتن دیمبسی سەرۆك ئەركانی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵا خالد عوبەیدی وەزیری بەرگریی عیراق لە بەغدا رایگەیاند شەڕی دژ بە داعش شەڕێكی عیراقییەو ئەمەریكا پشتیوانی لێدەكات و نیگەرانیی خۆشی بە بوونی هێزەكانی سوپای ئێران لە عێراق نیشاندا و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق كرد كە بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەكە سود لە هێزەكانی ئێرانی وەرنەگرێت.
Top