ئوسامە نوجەیفی: حكوومەتی فیدراڵی بە پێچەوانەی شیعە هۆزەكانی سوننە پڕچەك ناكات
نوری مالیكی ڕایگەیاند، ئەوەی خاكی عێراق بە یەكپارچەیی دەهێڵتەوە بوونی ئەو هێزە چەكدارەیە و ئەوانەی وا حەشدی شەعبی بە تایفەگەریی تۆمەتبار دەكەن، ناوبراو هێرش دەكاتە سەریان.
لە بەیاننامەكەدا نوجەیفی رایگەیاند، هەر لە ساتەكانی یەكەمەوە كە چەكدارانی داعش پارێزگای مووسڵیان كۆنترۆڵ كرد، ئەوان بە شێوەیەكی روون بۆ چەند جارێك دووبارەیان كردەوە كە گرتنەوەی مووسڵ بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی و مێژووییە كە ئەركی یەكەمی ئەو بەرپرسیارێتییەش، یەكەم دانیشتوانی پاریزگاكە دەیگرێتە ئەستۆ و دووەمیش هێزەكانی دەوڵەت ئاماژەی بەوەش داو لە غەیری دانیشتوانی پارێزگای مووسڵ و هێزەكانی ئەمنی سەربە حكوومەت، هیچ هێزێكی دیكە بۆی نییە بەشداری لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا بكات.
هەر لەو بەیاننامەیەدا نوجەیفی رەخنە لە حكوومەتی عێراق دەگرێت لەوەی هەنگاوی بۆ پڕچەككردنی هۆزەكانی سوننە بەپێچەوانەی شیعە نەهاویشتووە و روونی دەكاتەوە، وەك بڕیاربوو حكوومەتی عێراق بە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ فەوجەكانی پۆلیس و هۆزەكانی چەكداری سوننە پڕچەك بكات بەڵام ئەو هەنگاوەی نەناوە. ئەمەش نیگەرانی لای سەركردە و هۆزەكانی سوننە دروست كردووە، ئەوان پرسیاری ئەوە دەكەن، بۆچی حكوومەتی عێراق میلیشیاكانی چەكداری شیعە پڕچەك دەكات و كەچی لایەنەكانی سوننە بۆ گرتنەوەی ناوچەكانیان لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش پڕچەك ناكات.
جێگری سهرۆككۆماری عێراق لە كۆتایی بەیاننامەكە پێشوازی لە هاتنی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپا بۆ بەشداری لە گرتنەوەی پارێزگای مووسڵ كرد. لایەكی دیكەوە نووری مالیكی جێگری سەركۆماری عێراق لە گوتەیەكدا كە لەمیانی ئاهەنگێكدا لە زانكۆی بەغدا بۆ پشتیوانی لە هێزەكانی ئەمنی رێكخرابوو رایگەیاند، كە بەبوونی هێزی چەكداری حەشدی شەعبی، عێراق بە یەكپارچەیی دەمێنێتەوە و هێرشی توندشی كردە سەر ئەوانەی كە چەكدارانی حەشدی شەعبی بە تایفەگەریی تۆمەتبار دەكەن.
سەركردەكانی سوننە بە هەموو شێوەیەك بەشداریكردنی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە گرتنەوەی ناوچە و پارێزگاكانی سوننە لە ژێردەستی چەكدارانی داعش رەتدەكەنەوە، چونكە بەلای ئەوان، لە ژێر ناوی شەڕی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی سوننە، چەكدارانی حەشدی شەعبی كە شیعە مەزهەبە، تاوانی كوشتن و رفاندن و سووتاندنی ماڵ و موڵكی خەڵكی سوننە ئەنجام دەدەن.
