وەزیری بەرگری تورکیا گەیشتە بەغدا

 وەزیری بەرگری تورکیا گەیشتە بەغدا
عیسمەت یڵماز، وەزیری بەرگریی تورکیا گەیشتە بەغدا و دواتر سەردانی هەولێریش دەکات.

وەزیری بەرگریی تورکیا پێش سەردانەکەی رایگەیاند، کە ئەو لەگەڵ وەزیری بەرگریی و وەزیری ناوخۆی عێراق کۆدەبێتەوە. گوتیشی "پرۆگرامێکی بەرفراوانی دیدارەکان هەن". ئاماژەی بەوەشکرد دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا دەچێتە هەولێر.

عیسمەت یڵماز لەم سەردانە دوو رۆژییەی بۆ عێراق رۆژێک لە بەغدا دەبێت و رۆژەکەی دیکەش دێتە هەولێر. لەو سەردانەدا سوپاسالاری تورکیا و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی لەگەڵ دەبێت.

پێشتر ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری موسڵ رایگەیاند، کە تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بەشداری دەکات. عیسمەت یڵماز، وەزیری بەرگریی تورکیا پشتڕاستی لێدوانەکەی نوجەیفی کردەوە و گوتی: "تورکیا دەستیکردووە بەوەی کاریگەری بەرچاوی هەبێت لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ و دوای هەڵسەنگاندنی رەوشەکە ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات". بۆیە پێدەچێت ئامانجی سەردانەکەی لە نزیکەوە تاوتوێکردنی شەڕی موسڵ و چۆنێتی هاوئاهەنگی هێزە سەربازییەکان بێت.










رووداو
Top