ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دوادەخرێت
بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن كە رەنگە شەڕی زەمینی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ تاوەكو پایز دەستپێنەکات، واتە دوای ئەنجامدانی چەند هێرشێكی خەست و كوشتنی سەرکردەکانی داعش، لەگەڵ لەناوبردنی هێڵەکانی دابینکردنی پێداویستی ئەم رێکخراوە.
ئەم پلانە نوێیە لەگەڵ راگەیێندراوی مانگی شوباتی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئامریکادا ناکۆکە، کە تێیدا ئاماژە بەوە درابوو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی ئەمریکا و عێراق بۆ سەر موسڵ لە مانگی نیسان یان ئایار دەستپێدەکات. بەڵام دواتر بەرپرسانی عێراق و ئەمریکا گومانیان سەبارەت بە ئامادەیی هێزەکانی عێراق بۆ دروستبوو.
بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لەو بڕوایەن باشترین سوپای عێراقیش چەندین مانگی دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەبێت بەشدارییەکی سەرکەوتوانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی موسڵدا هەبێت. ئەم هێزانە تەنانەت دەستیان بەو مەشقانەش نەکردووە کە سوپای ئەمریکا پێیان دەکات.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت لەمبارەیەوە دەڵێت، "کاتێک هەستمانکرد سوپای عێراق ئامادەیە و دەتوانێت سەربکەوێت، ئەو کات دەچین راوێژی سەربازییان پێدەدەین و ئۆپەراسیۆنەکان دەستپێدەکەین."
بەپێی ئەم پلانە نوێیە، ئەمریکا لە چەند مانگی داهاتوودا هێزە ئاسمانییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ لاوازکردنی پێگەی سەربازی و لۆجیسی داعش لە موسڵ. لەم پلانە نوێیەدا ئامانجی هێرشەکان لێدانی سەرکردەکانی داعش و لەناوبردنی توانای داعشە بۆ ئاراستە و کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی.
رووداو
