داعش رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ دەتەقێنێتەوە
سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری موسڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:
"چەکدارانی داعش، دەمەو بەیانی دوێنێ هەینی رێگەی سەرەکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵیان (لە ناوچەی غەزلانی لە باشووری شارەکە) بە تەواوی تەقاندەوە، ئەم هەنگاوەش وەک دیارە لە ترسی هێرشی هێزی تایبەتە بۆ سەر موسڵ کە دەکرێ فرۆکەخانەکە بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنن".
سەعید مەموزینی گوتیشی "فڕۆکەخانەی موسڵ لە چەند مانگی رابردوو بنکەیەکی سەرەکی چەکدارانی داعش بوو، هەر بەو هۆیەش تا ئێستا چەند جارێک فڕۆکەخانەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە کراوەتە ئامانج و زیانی زۆری پێگەیشتووە".
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ کە لەگەڵ کەوتنی شارەکە بە دەستی داعش لە موسڵ نەماوە، ئاماژەی بەوەشدا کە "دوای خاپورکردنی مۆزەخانەی موسڵ و شکاندنی زۆربەی پارچە شوێنەوارەکانی لەلایەن داعشەوە, ئێستا مەترسی هەیە داعش شاری دێرینی نەمروود کە (٣٠ کم لە باشووری موسڵەوە دوورە) بتەقێنێتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە مێژووی دروستکردنی شاری دێرینی نەمروود بۆ سەدەی 13ی پێش زایین دەگەڕێتەوە و لە سەدەی 9ی پێش زایین بووتە پایتەختی شانشینی نوێی ئاشورییەکان.
رووداو
