وەزیرێکی کورد لە بەغدا: پێشبینی دەكەم لەم هەفتەیە ٥٨٣ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێـت

وەزیرێکی کورد لە بەغدا: پێشبینی دەكەم لەم هەفتەیە ٥٨٣ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێـت
سامان عەبدوڵا وەزیری‌ دەوڵەت لە حكومەتی‌ عێراق لە دیمانەیەكی لە گەڵ "باس" پێشبینی دەکات ئەم هەفتەیە بەغدا ٥٨٣ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێریت.

ئەو وەزیر کوردە سەبارەت بە جیاوازی نێوان حكوومەتەكەی عەبادی و مالیكی دەڵێت: حكوومەتەكەی مالیكی و عەبادی جیاوازیان هەیە و هۆکارەکەش دۆخی عێراقە و وا دەخوازێت عەبادی جیاوازتر بێت.

سامان عەبدوڵڵا بە باسی گووت: ئەگەر هەمان ئەزموونی مالیكی دووبارە بكرێتەوە، ئەوە سیناریۆی خراپتر لە مالیكی دەبینین، چونكە عێراق رووبەرووی كێشەی ئەمنی و قەیرانی دارایی بۆتەوە؛ لە ئەزموونی پێشوی مالیكیدا هەموو لایەك لێی زەرەرمەند بوون بۆیە كەشوهەوایەك هەیە ئەو ئەزموونە دووبارە نەبێتەوە.

سامان عەبدوڵڵا سەبارەت بە ڕۆڵی وەزیرە کوردەکان لە بەغدا و هەڵوێستیان بەرامبەر نانبڕاو کردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە دەڵێت: چاوەروانی وەفدی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئەو وەفدە لە نەناردنی بودجە و موچەی كوردستان دەكۆڵێتەوە كە هەتا ئێستا نەنێردراوە.

وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند؛ رۆژی 10ی‌ شوبات لە ئەنجومەنی‌ وەزیران باسێك لە موچەی‌ هەرێم كرا، بەڵام هیچ بڕیارێكی‌ لەسەر نەدرا و وەزیرە كوردەكان نەیانویستووە پرسی نەوت و بودجە و رێكەوتنە دوو قۆڵیەكان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باس بکەن، چونكە جیاوازی زۆر لەسەر رێكەوتنەكان هەیە، بۆیە ناردنی‌ موچەی‌ هەرێم لەسەر ئەو وەفدە بەندە، بەڵام ئەگەر وەزیرە كوردەكان ئیشیان بەرگری لە ماف و بوودجە و موچەی خەڵكی كوردستان نەبێت چی دەكەن لە بەغدا، تەنانەت لە هەندێك لە كۆبونەوەكان، وەزیرە كوردەكان زۆر بە توندی قسەیان لەسەر نەناردنی بوودجە و مووچەی خەلكی كوردستان كردووە.

سامان عەبدوڵڵا سەبارەت بە هۆکاری كێشەی نەوتی نێوانی‌ هەرێم‌ و ناوەند دەڵێت: حكومەتی‌ بەغدا داوای‌ كردووە هەرێمی‌ كوردستان ئەو بڕەی‌ بۆی‌ دیاریكراوە مانگانە بینێرێت، واتە بەغدا دەیەوێت هەرێم مانگانە 550 هەزار بەرمیل رەوانە بكات ‌و لەبەرامبەردا پارەی‌ موچەی‌ خۆی‌ وەردەگرێت، بەڵام 300 هەزار بەرمیلەكەی‌ كەركوك كێشەی‌ تەکنیکی هەیەو هەرێم ناتوانێت هەناردەی‌ بكات، تاوەكو 18 ی كانوونی‌ دووەم هەرێمی‌ كوردستان تەنها 118 هەزار بەرمیلی‌ رەوانە كردبوو، كێشەیەكی تر هەیە بەغدا دەیەوێت مانگانە هەناردەی هەرێم هەژمار بكرێت، بەڵام هەرێم دەڵێت دەبێت سێ مانگ جارێك بێت.

هەروەها خالێكی تری ناكۆكی ئەوەیە بەغدا رازی نییە هەرێم نەوتی تر بنێرێت، ئەگەریش هەناردەی‌ كرد ئەوا بگەرێتەوە بۆ دارایی‌ گشتی‌ عێراق هەرێمیش دەڵێت من لەو برە زیادەیەی‌ خۆم قەرزی‌ 2014ی‌ كۆمپانیاكانی‌ نەوتی‌ لێدەدەمەوە.

ئەو وەزیر کوردە سەبارەت بە بڕی ئەو قەرزەی هەرێمی‌ كوردستان کە لە لای بەغدایە بە باسی گووت: حكومەتی‌ ناوەندی‌ 16 ترلیۆن دینار بە‌ هەرێمی‌ كوردستان قەرزدارە و لە ئێستاشدا ناوەند ئەو برە پارەی‌ نییە كە بۆ هەرێمی‌ كوردستانی بینێریت.
Top