راگەیێندراوی بەغدا لەسەر کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان

 راگەیێندراوی بەغدا لەسەر کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان
نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، کە داواکراوە هەردوولا پابەندبن بەو رێککەوتنەی کە واژۆیان کردووە، هەروەها جەخت لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوەتەوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا. داواشکراوە هەماهەنگی بکرێ بۆ رزگارکردنەوەی موسڵ.

رۆژی یەکشەممە شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی چوونە بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام بە دەستبەتاڵی گەڕانەوە.

لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی عەبادیدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، هاتووە کە عەبادی باسی لەوەکردووە عێراق تووشی چەندین تەحەدییات بووەتەوە لە بواری ئابووریدا دوای دابەزینی نەوت و هەروەها رەوشی ئەمنی و هەڕەشەی داعش لەسەر عێراق یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەبادی داوایکردووە هاوکاریی زیاتر و هەماهەنگی زیاتر هەبێ بەمەبەستی کۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ "ئەمەش پێویستی بە یەکخستنی هێز و هەڵوێست هەیە". عەبادی باسی لەوەش کردووە کە لە بەرنامەی حکومەتەیدا چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغداو هەولێر هەیە و گوتوویەتی "ئێمە پابەندین پێوەی، بەڵام دەبێ ئەو پابەندییە لە هەردوولاوە بێت".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سووربوونی خۆی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا دەربڕیوە، "بۆ مەسەلەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و لێدانی داعش رەزامەندی دەربڕیوە بۆ کاری هاوبەش".

لەبارەی کێشەی بودجە و ئیستحقاقاتی هەرێمی کوردستانەوە، بەپێی راگەیێندراوەکە "بە وردی باسی وردەکاریی نەوتی بەرهەمهێنراوی کوردستان کراوە لە 2015 و ئەوەشی پێشبیبیدەکرێت لە داهاتوودا بەرهەمی بێنیت لە یاسای بودجەدا باسکراوە". ئەوەش دووپاتکراوەتەوە کە کێشە هونەرییەکان چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە بەرهەم بهێنێت کە لەسەری رێککەوتوون.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان بە (رووداو)ی راگەیاند "بەغدا دەڵێ پارەمان نییە و پارەیەکی ئێجگار کەمی خستە بەردەم شاندی هەرێمی کوردستان کە دەوروبەری 300 ملیۆن دۆلار بوو بۆ هەر مانگێک، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەو بڕە رازی نەبوو، گوتی بەشە بودجەی ئێمە وەکو ئەوەی کە لە بودجەی عێراقدا پەسەندکراوە دەبێ خەرج بکرێ".

دوای ئەو کۆبوونەوە بێ ئەنجامەی رۆژی یەکشەممە، شاندی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ بەرەو هەولێر گەڕانەوە. بە گوێرەی هەواڵی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان "لە ‌کۆبوونەوەکەدا ئەوە روونبووەوە کە بە هۆی قەیرانی‌ دارایی و نەبوونی کاشەوە، حکومەتی عێراق لەم کاتەدا ناتوانێ بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی کوردستان بدات".







رووداو
Top