گرتە ڤیدیۆکەى حەشدى شەعبى لە پارێزگاى ئەنبار روویداوە
رفاندنی هاووڵاتیانی کورد لەسەر دەستی گرووپە چەکدارەکانی شیعە بە تایبەت لە چەند مانگی رابردوودا گەورەترین مەترسی بووە بۆ سەر ئەو کوردانەی کە هاتوچۆی بەغدا دەکەن، بەڵام لەمە ترسناکتر ئەگەری ئەشکەنجەدان و کوشتنی پێشمەرگەیەک یان سەربازێکی کوردی سوپای عێراقە لەسەر دەستی چەکدارانی شیعە لە تۆڵەی کوژراوێکی ئەو چەکدارانە.
ئەوەی ئەم پرسانەی ورووژاندەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەشکەنجەدان و کوشتنی کەسێکە لە یەکێک لە ناوچەکانی عێراق لەلایەن چەکدارانى حەشدى شەعبییەوە. لەو پرسیارانەی کە چەکدارانى حەشدى شەعبى ئاراستەی چەکدارە دەستبەسەرەکەی دەکەن، وا دەردەکەوێت کە گیراوەکە لە نەتەوەیەک یان پێکهاتەیەکی دیکەیە، یان بەلانیکەم ئەوان وای دەبینن لە گرووپێکی دوژمنی ئەوانە. بەڵام لەم ئاماژانە ترسناکتر ئەوەیە کە یەکێک لە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە دەستبەسەرەکە دەپرسێ کێ سەڵاحی کوشت؟ چەند جارێک پرسیارەکەی دووبارە دەکاتەوە. جگە لەوەش چەکدارەکان چەند جارێک وشەی (کاکە) دووبارە دەکەنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی کە قوربانییەکە کوردە.
پەیوەندى کوشتنى سەڵاح بە پێشمەرگەوە
پرسیار لەبارەی کوشتنی سەڵاح رووداوێکمان بیردێنێتەوە کە لە مانگی 9ى ساڵی 2014 لە شارۆچکەی خورماتوو روویدا. ئەوکات پێکدادانێک لە نێوان کاروانێکی چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە لەو سنوورە روویدا و بە کوژرانی ئەفسەرێکی گرووپی خوراسانی حەشدی شەعبی بە پلەی نەقیبی هەواڵگری بە ناوی سەڵاح کۆتایی هات، ناوهێنانی سەڵاحیش لەلایەن ئەو چەکدارانەی لە گرتە ڤیدیۆییەکە دەردەکەون، ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی کوژراوەکە لە پێشمەرگەیەک یان سەربازێکی کوردی سوپای عێراق بەهێز دەکات.
لەو گرتەیەدا کە ئەوپەڕی توندوتیژی و بێ بەزەیی پێشاندراوە، کۆمەڵێک گەنج دەردەکەون کە جلی چەکدارانی حەشدی شەعبییان پۆشیوەو یەکێکیان جلی سەربازی سوپای عێراقی پۆشیوە و پلەی سەربازی لەسەرشانە، ئەو ئۆتۆمبیلەشی کە گەنجە دەستبەسەرەکەی تێدا ئەشکەنجە دەدەن، ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنی پزیشکییە.
دوای ئەو رووداوەی مانگی 9ى ساڵی رابردوو لە خورماتوو، چەکدارانی حەشدی شەعبی لەو سنوورە 8 پێشمەرگەیان دەستگیرکرد، یەکێک لەو پێشمەرگانەش بە ناوی عیماد حوسێن بوو کە پێشمەرگەیەکی لیوای گەرمیانە لە چەمچەماڵ و لیواکەی پێش نزیکەی 5 مانگ لە شارەدێی قەرەتەپە نیشتەجێ کرابوو.
عیماد بە (رووداو)ى گوت "لەکاتی هاتنەوەم لە قەرەتەپەوە بۆ خورماتوو، مەفرەزەیەکی چەکدارانی حەشدی شەعبی رایانگرتم، هەر کە لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیم کەسێکیان بە دەمانچە شەش فیشەکی نایە ژێر پێمەوە، دواتریش لەگەڵ پێشمەرگەیەکی دیکە کە لەگەڵمدابوو دەستبەسەرکراین و بردراینە یەکێک لە بازگەکانی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە نزیک گوندی یەنگیجەی سەر بە شارۆچکەی خورماتوو، زۆری پێنەچوو شەش پێشمەرگەی دیکەیان دەستگیرکردو لەو شوێنەی کە ئێمەیان بەندکردبوو ئەوانیشیان بەندکرد".
عیماد حوسێن دەشڵێ "شەش پێشمەرگەکە زمانی عەرەبییان نەدەزانی، بۆیە من وەرگێڕانم بۆ دەکردن، بۆم دەرکەوت ئەو شەش پێشمەرگەیە لەگەڵ کوژراوەکەی گرووپی خوراسانی بەشەڕهاتبوون و تەقەیان لەیەکدی کردبوو، چەکدارانی حەشدی شەعبیش ئەمەیان دەزانی، بۆیە زۆر ئەشکەنجەی ئەو شەش پێشمەرگەیەیان دەدا، تەنانەت رێگەیان پێنەدەدان بچنە سەر ئاو و هێندە نان و ئاویان پێدەدان بۆ ئەوەی بژین و نەمرن، بەڵام دوای چەند کاژێرێک من و هاوڕێکەمیان ئازاد کرد، دوای ئەوەی بۆیان ئاشکرابوو کە ئێمە لەو شەڕەدا بەشدار نەبووین".
لیوا کەمال، فەرماندەی لیوای گاز و نەوت لە سنووری سلێمانی و گەرمیان کە شەش پێشمەرگەکە سەربازی لیواکەی ئەو بوون بە (رووداو)ی راگەیاند "دوای سوڵحی عەشایەری لە نێوان کەسوکاری ئەو شەش پێشمەرگەیە و کەسوکاری کوژراوەکەی حەشدی شەعبی، پێشمەرگەکان ئازاد کران و کەیسەکە داخرا".
رائید فاروق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتووش لەسەر پرسی ئەو شەش پێشمەرگەیە دەڵێ "راستە هەموو ئەو پێشمەرگانە ئازاد کران، بەڵام زۆر ئەشکەنجە درابوون، تەنانەت شوێنەوارى فیشەکیش بە جەستەیانەوە دیاربوو".
پێشمەرگەیەک: دەرەقەتى حەشدى شەعبى نایەین
پێشمەرگەیەک لە سنووری جەلەولا کە پێشتر لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە بریندار کرابوو، باسى هەڵسوکەوتى چەکدارانى حەشدى شەعبى دەکات بەرامبەر پێشمەرگە و دەڵێت "پێشمەرگەیەکی هاوکارم لە یەکێک لە بازگەکانی ناوچەکە دەمەقاڵەی لەگەڵ چەکدارێکی حەشدی شەعبی کرد کە زۆر بێڕێزانە بە ئۆتۆمبیلەکەی لە بازگەکەمان تێپەڕی، زۆری پێنەچوو چەکدارەکەی حەشدی شەعبی لەگەڵ 15 چەکداری دیکە پەلاماریان داین و بووە شەڕە تەقە و من بریندار بووم، کەچی دوای رووداوەکە لەبری داکۆکیکردن لە مافەکانم لەلایەن حیزبەوە لۆمە کرام".
ئەو پێشمەرگەیە کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە ئامادە نەبوو ناوی ئاشکرا بکرێت، دەشڵێ "لە ناوچەی خورماتوو چەکدارانی شیعە باڵادەستن و ئێمەی پێشمەرگە پێیان ناوێرین، چونکە دەزانین لە کۆتاییدا دۆخەکە بە زیانی خۆمان دەشکێتەوە ئەگەرچی ئێمەش خەتابار نەبین".
جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە پێشتر بە (رووداو)ی گوتبوو کە ئەوان گرتە ڤیدیۆکەى چەکدارانى حەشدى شەعبییان بینیوە و سەرقاڵى لێکۆڵینەوەن لەو رووداوە، ئەگەر دەرکەوت ئەشکەنجەدراوەکە پێشمەرگەیە ئەوان بێدەنگ نابن.
بەغداش سەرقاڵى لێکۆڵینەوەیە
هەر لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت "رۆژی سێشەممەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆکی لیژنەکەمان کۆدەبینەوە بۆ خستنەڕووی پرسی ئەم گرتە ڤیدیۆییە و داوای ئەنجامدانی لێکۆڵێنەوەش دەکەین".
هاوکات کامیل ئەمین، گوتەبێژی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق لەبارەی ئەو گرتەیە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو زانیاریانەی لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەوە لەلامانە تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کۆمانکردووەتەوە، بەڵام بەدەر لەوەی ناوەڕۆکی ئەو گرتە ڤیدیۆیە راست بێ یان نا، ئێمە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین چ وەزارەتی بەرگری بێ یان ناوخۆ یان دەستەی حەشدی شەعبی، لە راستیی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بکۆڵنەوە، ئەگەریش راست بێ ئەوا بە دڵنیاییەوە کارێکی فەردیە و نموونەی هەڵسوکەوتی حکومەتی عێراق نییە، بە دڵنیاییشەوە دەبێ ئەنجامدەرانی بە سزای خۆیان بگەن".
"لە پارێزگاى ئەنبار روویداوە"
سەبارەت بەوەى دەگوترێت ئەوەى لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەشکەنجە دەدرێت و دواتر دەکوژرێت، پێشمەرگەیە. گوتەبێژی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق دەڵێت "بەپێى زانیارى ئێمە ئەو رووداوە لە پارێزگای ئەنبار روویداوە، پرسیارەکەش لێرەدا ئەمەیە چی پێشمەرگەی گەیاندە ئەنبار، ئەمە جگە لەوەی هێزی پێشمەرگە هێزێکی رێکخراوەو ئەستەمە هەر سەربازێکی بێ سەروشوێن بێ وەزارەتی پێشمەرگە لێی ئاگادار نەبێتەوە. وەزارەتی پێشمەرگە لە چەند رۆژی رابردوودا کە ژمارەی شەهیدانی پێشمەرگەی راگەیاند، بە وردی ژمارەکەی خستەڕوو، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە وەزارەت وردە و زانیاری تەواوی لەلایە دەربارەی هێزەکانی".
رووداو
