مەرجەعێكی شیعە: ئیمام مەهدی فەرمانی پێداوم سەری مالیكی و سەدر ببڕم
سەرخی له پەیامێكدا پێشبینی دەكات هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بەسەرۆكایەتی ئەمریكا شكست بهێنێت و هۆشداری دەداتە سوننەكان كە نەچنە ریزەكانی سەحوەوە.
سەبارەت بە فتواكەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش، سەرخی دەڵێت: "فتواكە بە مردوویی لەدایكبووه"و پێیوایە پێكهێنانی حەشدی شەعبی كە ئەو به "حەشدی تائیفی" ناوی بردووە رۆڵی هەبووە لە دابەشكردنی عێراق و هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان مسوڵماناندا.
سەرخی هێرشێكی توند دەكاتە سەر نووری مالیكی جێگری سەرۆككۆماری عێراق و هۆشداریدا لەوەی كە هەوڵدەدات جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران.
چەند رۆژێك پێش ئێستاش له بەیاننامەیەكدا سەرخی رایگەیاندبوو، "ئیمام مەهدی مونتەزەر فەرمانی پێدوام سەری نووری مالیكی و موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر ببڕم". سەرخی ئەو دووانەش تۆمەتبار دەكات بە تێكدانی ماڵی شیعەكان لەپێناو دەستگرتن و خۆشەویستییان بۆ دونیا.
دەشڵێت: "سەدرو مالیكی هیچ خزمەتگوزارییەكیان پێشكەشی هاووڵاتیان نەكردووەو هەموو هەوڵێكیانداوە بۆ تێكدانی ماڵی شیعە". داواش له گەلی عێراق دەكات هەموو هەفتەیەك خۆپیشاندان بكەن و دروشمی "نا بۆ خیانەتكاران" بەرزبكەنەوە.
رووداو
