پۆلیسی دیالە: حەمرین بە تەواوی كۆنترۆڵكراوەتەوە
فەریق روكن جەمیل شممەری، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیالە رایگەیاند: "هەموو ناوچەكانی دۆڵی حەمرین و دۆڵی شروین و گوندی مەنسورییەی جەبەل لە نزیكی شارۆچكەی میقدادیە (شارەبان) (٥٥ كم باكووری رۆژهەڵاتی بەغدا) لە دیالە لە بندەستی چەكدارانی داعش رزگاركراون و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی ئەو ناوچانەش ٣٠ چەكداری داعش كوژران".
هاوكات ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەی سوپای عێراق دوێنێ رایگەیاند، كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی شەش گوندی دەوروبەری شارۆچكەی شارەبانیان لە بندەستی داعش رزگاركردووە و گوندەكان بریتین لە (شروین، دەوالیب، عەرەب سەمیر، نەجم عەبدوڵڵا، تەها عەلوان).
لە رۆژی هەینی رابردووەوە ٢٤/١/٢٠١٥ هێزە ئەمنییەكانی عێراق و چەكدارانی حەشدی شەعبی شیعە هەڵمەتێكی سەربازییان بۆ رزگاركردنی ناوچەكانی بندەستی داعش لە دەوروبەری شارۆچكەی شارەبان لە دیالە دەستپێكردو بەپێی فەرماندەكانی سوپاو حەشدی شەعبی هەڵمەتەكە تا ئێستا بەردەوامەو زۆربەی زۆری ئامانجی خۆی پێكاوە.
رووداو
