جبوری: نابێ بودجە وەك چەكی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدا بەكاربێت

 جبوری: نابێ بودجە وەك چەكی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدا بەكاربێت
سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی سبەی دووشەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٥ی عێراق ئەنجامدەدات. داواشیكرد بودجە وەك چەكی سیاسی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بەكارنەهێنرێت.

سەلیم جبوری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، گوتی: "پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٥ بێكێشەیە و لایەنەكان لەسەری كۆكن، بەڵام بودجە دووچاری گرفتی دابەزینی نرخی فرۆشتنی نەوت بووەتەوە".

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا سەلیم جبوری ئاشكراشیكرد كە بەمنزیكانە سەردانی توركیا دەكات.

بڕیارە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی سبەی دووشەممە درێژە بە تاوتوێكردنی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٥ی عێراق بدات، كە تێكڕای قەبارەی بە نزیكەی ١٢٥ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و پێشبینیدەكرێت نزیكەی ٢٥ تریلۆن دینار كورتبێنێ.

لەودەمەی لە بودجەی ٢٠١٥ نرخی فرۆشتنی بەرملیلێك نەوت بە ٦٠ دۆلار دیاریكراوە، كەچی ئێستا بەرمیلێك نەوتی عێراق لە بازاڕەكاندا بە نزیكەی ٤٤ دۆلار دەفرۆشرێت.










رووداو
Top