سەركردە هەڵاتووەكانی موسڵ بە تاوانی خیانەتی گەورە سزادەدرێن
خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "وەزارەتی بەرگری داواكاری گشتی نییە بۆ جوڵاندنی ئەو دۆسێیە، دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانیش دۆسییەكە راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بەردەست دەسەڵاتی دادوەری بۆ بڕیاردان لەسەری".
خالید عوبەیدی گوتیشی: "هێزە ئەمنییەكان سەنگەرەكانیان قایم كردووە و ئێستا لە پێشڕەویدان بەرەو كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی هێشتا لەژێر دەسەڵاتی داعشدان، پێموایە ئەمساڵ ساڵی سەركەوتن و گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكانە بۆ سەر جێوڕێی خۆیان".
وەزیری بەرگری عێراق هەروەها دەڵێت: "ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە سەربازییەكان بەرەكانی جەنگیان چۆڵكرد و پاشەكشەیان كرد و بواریان لەبەردەم گرووپە چەكدارەكان رەخساند، تاوەکو ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵبكەن، خۆشیان دەیانزانی سزای ئەو پاشەكشەیە بە پێی یاسا چییە، بۆیە ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە سەربازییەكان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و بە تاوانی خیانەتی گەورە، كە سزاكەی هەڵواسینە، سزادەدرێن".
رووداو
