سوپای عێراق بەهێزترین زرێپۆشی دژەمینی وەرگرت
وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی واژۆكراو لە نێوان عێراق و ئەمریكا، تایبەت بە پڕچەككردنی سوپای عێراق بە نوێترین چەكی پێشكەوتوو، وەزارەتی بەرگریی بەشی یەكەمی زرێپۆشی جۆری (MRAP)ی ئەمریكی دژە مینی وەرگرت".
هەر لەبەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگریدا هاتووە: "لە كۆبوونەوەیەكدا خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق گفتوگۆیان لەسەر هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش كرد، سەرەڕای كاراكردنی رێككەوتنی سەربازی و ئابووری نێوانیان و هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە مەشقپێكردن و پڕچەككردنی سوپای عێراقەوە هەیە".
ستورات جۆز باڵیۆزی ئەمریكا رایگەیاندووە ، وڵاتەكەی پشتگیری تەواوی عێراق دەكات لە شەری گرووپە چەكدارەكان و پاراستنی یەكێتی خاكی عێراق.
لە20 ی كانوونی یەكەمی 2014 وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گرێبەستی فرۆشتنی تانك و زرێپۆش و هەندێك كەلوپەلی سەربازی دیكەی بە بڕی 3 ملیار دۆلار بە عێراق پەسندكرد.
رووداو
