سەدر: ئەمریکا پاڵپشتى گرووپە چەکدارەکان دەکات
موقتەدا سەدر، پێشەواى رەوى سەدر لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا گوتى: "هیچ رۆژێک پێموانەبووە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ رزگارکردنى عێراق و هیچ گەلێک هاتبێتە وڵاتەکەمان".
گوتیشی: "ئەمریکا پاڵپشتى تیرۆرو ئەو گرووپە چەکدارانە دەکات، کە سەرى هاووڵاتیان دەبڕن، سەرەتاش بە فڕێدانى هاوکارى و بۆردوومانکردنى هێزەکانى بەرگرى دەستیپێکرد، ئەمڕۆش وەکو پۆشەرێکى ئاسمانى بۆ گرووپە چەکدارەکان هاتووەتە عێراق، لە هیچ هێرشێکیش گروپە چەکدارەکان زيانیان بەر ناکەوێ، رۆژانەش لە عێراق و سووریاو ژمارەیەک لەو وڵاتانەى بەهارى عەربی بەخۆیانەوە دەبینن ئەو رێکخراوە چەکدارانە روو لە فراوان بوونن".
هەفتەى رابردوو پەیجەکانى راگەیاندن لەسەر تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک گرتەیەکى ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە یەکێک لە فڕۆکەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە ناوچەى خزێڕەى رۆژهەڵاتى باشوورى پارێزگاى سەڵاحەدین بە پەرەشوت سندووقێک هاوکاریی سەربازیی فڕێدەداتە خوارەوە، بەڵام بەرپرسانى ئەمریکی بەتوندى ئەم هەواڵەیان رەتکردەوە.
رووداو
