عەبادی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازیی دەگۆڕێت

 عەبادی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازیی دەگۆڕێت
سەرچاوەیەكی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، (لیوا روكن ناسر غەننام)ی وەك فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی جزیرە و بادییە و (لیوا روكن نومان زوبەعی)، وەك فەرماندەی فیرقەی حەوت دیاریكرد، كە شوێنی چالاكی هەردوو هێزە عێراقییەكە پارێزگای ئەنبارە.

سەرچاوەكە روونیكردووەتەوە، كە عەبادی لیوا روكن ناسر غەننامی لە شوێنی لیوا روكن زیا كازم دامەزراندووە و لیوا روكن نومان زوبەعیشی لە شوێنی لیوا روكن قاسم محەممەدی دیاریكردووە، كە بووەتە فەرماندە كردە سەربازییەكانی ئەنبار.

نورمان عەبدولنەجم زوبەعی، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا پلەكەی بەرزبووەتەوە بۆ لیوا روكن.

لیوا روكن ناسر غەننام، كە پێشتر فەرماندەی فیرقەی 17ی سوپای عێراق بوو، لە 22ی تەمموزی ساڵی 2013 دەستی لەكاركێشابووەوە، بە گوتەی خۆی بەهۆی "سیاسەتە هەڵە و میزاجییەكانی فەرماندە باڵاكانی سوپا لەدەركردنی فەرمان و بڕیار". بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە فەرمییەكان، بەر لە دەستلەكاركێشانەوەی، "غەننام بە تۆمەتی ئەشكەنجەدانی گیراوان لە بارەگای فیرقەكەیدا، بانگی لێكۆڵینەوە كرابوو". بەرلەوەی دەستلەكاربكێشێتەوە و بۆ ماوەیەك روو بكاتە دەرەوەی عێراق.







رووداو
Top