بۆ یەکەمجار فڕۆکەى سیخۆی عێراقی لە لێدانى داعشدا بەکارهێنرا

 بۆ یەکەمجار فڕۆکەى سیخۆی عێراقی لە لێدانى داعشدا بەکارهێنرا
ئەنجامدانى هێرشى ئاسمانى بۆسەر مۆڵگە و بارەگاکانى چەکدارانى داعش بەردەوامى هەیە و ئەمڕۆش بۆ یەکەمجار هێزى ئاسمانى عێراقى فڕۆکەى سیخۆی روسى بۆ وەشاندنى گورزى ئاسمانى لە کۆبونەوەى چەکدارانى ئەو رێکخراوە بەکارهێنا.
سەرچاوەیەکى ئەمنى لە پارێزگاى سەڵاحەدین ئاشکرایکرد ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزى ئاسمانى عێراقى بە فڕۆکەى روسى گورزى ئاسمانى لە کۆبونەوەکانى چەکدارانى داعش وەشاندوە لە ناحیەى یەسربى باشورى تکریت.
ئاماژەى بەوەشکردوە؛ ئەوە یەکەمجارە ئەو فڕۆکە روسیانە لەلایەن فڕۆکەوانى عێراقیەوە بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنرێت و لە هێرشەکەشدا سەرکەوتو بون، بەشێوەیەک چەکدارانى رێکخراوەکەیان ناچارى هەڵاتن کردوە لە ناحیەکە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ هێزى فڕۆکەوانى سوپا، کۆمەڵێک پێگەى گرنگى داعشیان لە سنوری دیالە پێکاوە و زیانى زۆریان لێداون، هاوکات میلیشیا شیعەکان هەڵمەتێکى بەرفراوانیان لە سنورەکە دەستپێکردوە بۆ ئازادکردنەوەى ئەو ناوچانەى کەوتونەتە ژێر کۆنتڕۆڵى داعش.










سبەى
Top