عەبادی سەردانی توركیا دەکات
چاوەڕوان دەكرێ لە كۆبوونەوەكاندا باس لە پێشهاتەكانی ناوچەكە و بەتایبەتیش مەترسییەکانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، پرسی وزە، سەرچاوەی ئاو و بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتدا بكرێ. عەبادەی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای وڵاتەكەی دەگاتە ئەنکەرەی پایتەخت و لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لە كۆشكی كۆماریی پێشوازی لێ دەكرێت.
هەروەها بڕیارە عەبادی، لەگەڵ جەمیل چیچەك، سەرۆكی پەرلەمانی توركیاش كۆببێتەوە. ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی توركیاش بەڕێوڕەسمێك لە باڵەخانەی سەرەكی سەرۆك وەزیران پێشوازی لە حەیدەر عەبادی دەكات. دواتر عەبادی و داودئۆغڵو پێكەوە بەشداریی دەكەن لە كۆبوونەوەی دەستەی هاوكاری ستراتیژی باڵا و دواتر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجامدەدەن.
داودئۆغڵو لە كۆڕبەندی كاری توركیا-عێراق، كە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێ، وتارێك پێشكەش دەكات و دواتر لە باڵەخانەی سەرەكی سەرۆك وەزیران خوانێكی تایبەت بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری سازدەكات.
