عەلاوی سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت

عەلاوی سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت

ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆك كۆماری عیراق بۆ كاروباری ئاشتبوونەوەی نیشتمانی تەئكید دەكاتەوە پرۆژەی ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی هەڵوەشاندنەوەی ماددەی چواری تیرۆر و لێبووردنی گشتیشی لەخۆگرتووە و لەو بوارەشدا، سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت.

عەبدولكەریم عەبتان، سەركردە لە لیستی وەتەنییە تایبەت بە خەندانی راگەیاند: "ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستەكە و جێگری سەرۆك كۆماری عیراق بۆ كاروباری ئاشتبوونەوەی نیشتمانی سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت وەك نموونەیەك بۆ ئاشتبوونەوە".

وتیشی: "پێویستە سوود لە ئەزموونی رابردوو وەربگیرێت، وەك ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە سەرجەم ئەو كەسانەی بەخشی كە لە دژی بوون، جگە لەوانەی بەخوێنی هاوڵاتییەكانی دەستیان سوور بووە".

بەوتەی عەبدولكەریم عەبتان، هەندێك یاسای وەك لێبووردنی گشتی و پرۆسەی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە عیراق پێویستی بە هەنگاوی كردارییە، لەوانە: هەڵوەشاندنەوەی ماددەی چوار لە یاسای بنبڕكردنی تیرۆر و یاسی لێپرسینەوە و دادپەروەری.

ئاماژەی بەوەشدا كە هەندێك یاسای وەك لێبووردنی گشتی توێژەكانی كۆمەڵگەی كردووە بە نەیاری پرۆسەی سیاسی، راشیگەیاند كە ئاشتبوونەوە لەگەڵ كەسی نەیاردا دەكرێت، نەك لەگەڵ ئەوانەی خۆیان ئاشتن و هیچ كێشەیەكیان نییە.
Top