نوجەیفی: داعش هیچ پەیوەندییەكی بە سوننەوە نییە
ئوسامە نوجەیفی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق لە میانەی وتارێکیدا لە کۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێویستیی بوونی دامودەزگا سەربازییەکانی عێراقی لە دەستی دەوڵەتدا خستەڕوو.
ئوسامە نوجەیفی داوای هاوکاری زیاتری لە هاوپەیمانان بۆ عێراق کرد، کە "پشتیوانی زیاتری عێراق و سوپاکەی بكەن لە دژی چەکدارانی داعش".
جێگری سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکرد، کە رووبەڕووبوونەوەی داعش، "پێویستیی بە بیرکردنەوەی قوڵ و لێکۆڵینەوە هەیە".
ئوسامە نوجەیفی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئاماژەی بە دروستبوونی هەرێمەکان لە عێراق کرد و رایگەیاند، "گۆڕینی پارێزگاكان بۆ هەرێم، كارێكی دەستوورییە".
حیزب، لایەن و کەسایەتییە سوننەکانی عێراق لە شاری هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان بە ناونیشانی "کۆنگرەی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، کۆنگرەیەکیان سازکرد.
رووداو
