هۆشیار زێباری بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێت
ھەیسەم جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە (14-12-2014) وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت بەمەبەستی تاوتوێکردن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تێپەڕکردنی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە ساڵی داھاتوو رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە.
بە گوتەی جبووری، بەشێک لە چارەسەرەکە بریتی دەبێت لە چالاککردنی وەرگرتنی باج و وەرگرتنی قەرز و کەمکردنەوەی خەرجییەکان لەلایەن سەرجەم وەزارەتەکانی عێراقەوە، ھەروەھا لیژنەکە تاوتوێی بابەتێکی نوێ دەکات، کە بریتییە لە دەرکردنی قەواڵەی قەرز لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.
لەماوەکانی رابردوودا حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای پەیڕەوکردنی سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کرد، لەلایەکی دیکەوە بڕیارە وەزیری دارایی سەردانی وڵاتی کوەیت بکات و داوای دواخستنی دانەوەی قەرزەکانی عێراق بەو وڵاتە بکات بۆ ماوەی 2 ساڵ.
ھەروەھا هۆشیار زێباری رایگەیاند کە لە قۆناغی یەکەمدا حکومەتی عێراق پەنا دەباتە بەر بەرزکردنەوەی باج لەسەر فرۆشتنی ئامێری مۆبایل بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانەی کە لە بودجەی عێراقدا دروستبووە ئەم جۆرە سیاسەتەش بۆ یەکەمین جارە لە عێراقدا پەیڕەوبکرێت.
رووداو
