لە موسڵ داعش تاوەری هێڵەكانی پەیوەندی هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرەو سوریای دەبات

لە موسڵ داعش تاوەری هێڵەكانی پەیوەندی هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرەو سوریای دەبات
چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بەداعش لە شاری موسڵ كەوتوونەتە هەڵوەشاندنەوەی تاوەری هێڵەكانی مۆبایل و بەپێی وتەی خەڵكی ناوچەكە چەكداران تاوەرەكان بەرەو سوریا دەگوازنەوە.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ كە لە سەر زاری دانیشتوانی ئێستای ناو شاری موسڵ بڵاویان كردۆتەوە، چەكدارانی داعش لە چوارشەممەی رابردووەوە لەو شارە كەوتوونەتە پەكخستنی تاوەری هێڵەكانی پەیوەندیی كە بەهۆیەوە موسڵ لە تۆڕی پەیوەندیی كۆمپانیاكانی (ئاسیاسێل، كۆڕەك تلیكۆم، زێن و فانۆس) پچڕاوە.

دانیشتوانی موسڵ دەڵێن تاوەكوو ئێستا چەكداران 20 تاوەری هەردوو كۆمپانیای كۆڕەك و ئاسیایان هەڵوەشاندۆتەوە بەبارهەڵگر بەرەو سوریایان ئاودیو كردوون.

هەر بەپێی وتەی خەڵكی، چەكدارانی ئەو رێكخراوە تەواوی خاوەن مۆلیدەكانیان ئاگاداركردۆتەوە كە شەوان مۆلیدەكانیان كار پێ نەكەن بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی روون بكەنەوە، ئەمەش لە كاتێكدا شاری موسڵ لە 10ی مانگی حوزەیرانەوە لەگەل كۆنتڕۆلكردنی لەلایەن داعشەوە بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی ناوەندی بەغدا تەزووی كارەبای لێ بڕدراوە.
Top