پێشمەرگە هێرشێكی داعش لە دەورووبەری بەنداوی مووسڵ تێكدەشكێنێت

 پێشمەرگە هێرشێكی داعش لە دەورووبەری بەنداوی مووسڵ تێكدەشكێنێت
شەوی رابردوو لە میحوەری بەنداوی مووسڵ داعش هێرشیكردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دوای شەڕێكی دوو كاژێری شكستیانهێناو گەڕانەوە شوێنی خۆیان.

ئەفسەرێكی پێشمەرگە سەر بە هێزی پاسەوانی كونسڵخانەكان بە رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو هێزێكی چەكدارانی داعش لە گوندی عەین مانع لەنێوان بەنداوی مووسڵ و تلكێف هێرشیانكردە سەر پێشمەرگە و دوای شەڕێكی 2 كاژێری داعش نەیتوانی پێشڕەوی بكات و گەڕانەوە شوێنی خۆیان".

ئەو ئەفسەرە گوتیشی: "ئەو هێرشەی چەكدارانی داعش لەلایەن هێزی پاسەوانی كونسڵخانەكان و سوپای 1ی پێشمەرگە تێكشكێندرا".

لەبارەی زیانەكانیش، هەر ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو گوتی: "تەرمی 2 چەكداری داعش لە مەیدانی شەڕەكە بەجێماون، بەڵام پێشمەرگە شەهیدی نەبووە".

لەلایەكی دیكەوە لە ئاكامی هێرشێكی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان، ژمارەیەك چەكداری داعش لە باشووری رۆژئاوای كەركووك كوژران و برینداربوون.

سەرچاوەیەكی ئەمنی كەركووك ئاشكرایكرد: " ژمارەیەك چەكداری داعش، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ناحیەكانی ریاز و رەشاد و گووندەكانی دەوروبەری قەزای حەویجە لە رۆژئاوای كەركووك كوژران". بەڵام ئەو سەرچاوەیە ژمارەی كوژراوەكانی لەو هێرشانەدا بە دیاریكراوی نەگوت.











رووداو
Top