ناوی بەرپرسە دوورخراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ
بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە محەممەد سالم غەببان، وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا لەسەر دۆسییەی "گەندەڵی"، لیوا عەبدولهادی ساڵح حەمێداوی، بەرپرسی مووچەی پۆلیسی فیدراڵی دەستگیربكرێت.
بەرپرسێكی ئەمنی عێراق ئاشكرایكرد، فەریق حوسێن عەوادی، فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنوور و فەریق حەسەن كەوكەز بەڕێوەبەری كاروباری ناوخۆ لە وەزارەتی ناوخۆ لەنێو ئەو بەرپرسانەدان كە بە فەرمانی عەبادی دوورخراونەتەوە.
هەر بە گوێرەی بڕیارەكەی عەبادی، سەباح شبلی بەڕێوەبەری ئاسایش لە وەزارەتی ناوخۆ و فەریق رائد شاكر، فەرماندەی پۆلیسی فیدڕالی خانەنشین كراون.
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، 24 بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆی لەكار لادا و لە شوێنی ئەوانیش چەند بەرپرسێكی ئەمنی نوێی دیاریكرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری لادان و خانەنشینكردنی ئەو بەرپرسە ئەمنییانەی وەزارەتی ناوخۆی لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی پەیكەری هێزە ئەمنییەكانی عێراق راگەیاند، بەتایبەتی كە بەرپرسانی ئەمنی لە ماوەی رابردوو سەركەوتوو نەبوون لە ئەركەكانیان.
رووداو
