لێدوانی‌ عه‌بادی‌ ده‌رباره‌ی‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

لێدوانی‌ عه‌بادی‌ ده‌رباره‌ی‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق رایگه‌یاند رێككه‌وتنی‌ ئه‌مدواییه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستوور بووه‌ و له‌ خزمه‌تی‌ هه‌موو عیراقییه‌كاندایه‌، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هیچ پاساوێك نییه‌ بۆ هێرش كردنه‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌.

ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌ میانی‌ دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق وتی‌: "حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌ به‌رنامه‌ی‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".

وتیشی‌: "به‌گوێره‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مدواییه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ر به‌شێك له‌ هه‌نارده‌ نه‌وتییه‌كان، به‌شێك پاره‌ ده‌درێته‌ هه‌رێم".

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌و نه‌وته‌ی‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت بۆ هه‌موو عیراقییه‌كانه‌ و براكانمان له‌ كوردستان هاوبه‌شن له‌ نیشتماندا وه‌ك سه‌رجه‌م پارێزگاكان"، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ رێككه‌وتنی‌ ئه‌مدواییه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستوور بووه‌ و له‌ خزمه‌تی‌ هه‌موو عیراقییه‌كاندایه‌.

عه‌بادی‌ جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێم، رێككه‌وتنێكی‌ سه‌ره‌تاییه‌ و به‌ ئاراسته‌ی‌ راستدایه‌ و هیچ پاساوێك نییه‌ بۆ هێرش كردنه‌سه‌ری‌.

له‌ 13ی‌ ئه‌م مانگه‌دا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عیراق له‌سه‌ر چاره‌سه‌رێكی‌ گشتگیر و دادوه‌رانه‌ی‌ سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوولا رێككه‌وتووه‌، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ ئیتیحادی‌ 500 ملیۆن دۆلار ده‌داته‌ هه‌رێم، له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی‌ هه‌رێم رۆژانه‌ 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌دات به‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیفرۆشێت.






خه‌ندان
Top