فڕاكسیۆنی پارتی: هیچ كێشەیەك لە دیاریكردنی سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكاندا نییە

 فڕاكسیۆنی پارتی: هیچ كێشەیەك لە دیاریكردنی سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكاندا نییە
دوای ئەوەی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی عێراق بەسەر فڕاكسیۆنەكاندا دابەش كران، پێنج لیژنە بەر كورد كەوتوون و لە ئێستایشدا چوار لیژنەیان سەرۆكیان بۆ دیاری كراوە و تەنیا لیژنەی خزمەتگوزارییەكان ماوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت سبەی ئەو لیژنەیەیش یەكلا بكرێتەوە كە پشكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (ئەردەلان نورەددین)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لە كۆی 26 لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمانی عێراق، پێنج لیژنەی بەر كورد كەوتوون، ئەوانەیش هەر یەكە لە لیژنەكانی نەوت و غاز، خزمەتگوزارییەكان، تەندروستی، هەرێمەكان و خوێندنی باڵان و لەو لیژنانەیش لیژنەی خزمەتگوزاری و تەندروستی بەر پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتوون، لیژنەی نەوت و غاز و خوێندنی باڵا بەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لیژنەی هەرێمەكانیش بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوتووە.

(ئەردەلان) گوتیشی، لە ئێستادا سەرۆكی چوار لیژنە دیاری كراون و تەنیا لیژنەی خزمەتگوزارییەكان ماوە كە سەرۆكەكەی هەڵنەبژێردراوە .
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر گوتی، هیچ كێشەیەك لەناو فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەبارەی سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكانەوە نییە و لە ئێستادا پەرلەمانتار (ڤیان دەخیل حەسون) بۆ سەرۆكی ئەو لیژنەیە دیاری كراوە و چاوەڕوان دەكرێت سبەی هەڵبژێردرێت.
ئاماژەیشی دا كە، ئەو كەسانەی بۆ سەرۆكی لیژنەكان دیاری كراون، كەسانی شارەزا و لێهاتوون لە كارەكانیان.

(نورەددین) راشیگەیاند، ئەو كەسەی بۆ سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان دیاری كراوە كاتییە، تائەو كاتەی دەنگ لەسەر كاندیدی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكی ئەو لیژنەیە دەدرێت و هیچ كێشەیەكیش لەوبارەیەوە نییە، چونكە لیژنەكان بە رێككەوتن دابەش كراون.
Top