داعش بە دوو هەزار چەكدار هێرش دەكاتە سەر روومادی

 داعش بە دوو هەزار چەكدار هێرش دەكاتە سەر روومادی
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، رەوشی ئەمنی شاری روومادی ناجێگیرە و لە چەندین بەرەوە پێكدادان لە نێوان چەكدارانی بەرێكخراوی دەوڵەتی (داعش) و هێزە ئەمنییەكان بەردەوامەو پێویستمان بەهێزی ئاسمانیی خێرا هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش بۆ سەر شاری روومادی.

فالح عیساوی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەوشی ئەمنی شاری روومادی ناجێگیرەو تاوەكو ئێستا پێكدادان لە نێوان چەكدارانی داعش و پۆلیسی ناوخۆ و سوپا و چەكدارانی هۆزەكان بەردەوامە، داواش لە حكومەتی عێراق دەكەین بە زووترین كات هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەكە بكات و هێرشە ئاسمانییەكانیش چڕتربكاتەوە، هاوكات داواش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەین هێرشە ئاسمانییەكانی لە ناوچەكە دژی داعش زیاتربكات".

فال عیساوی گوتیشی: "رێكخراوی داعش سەرجەم چەكدارەكانی دەرەوەو ناوەوەی سنووری پارێزگای ئەنباری كۆكردووەتەوەو ماوەی چوار رۆژە بە 2 هەزار چەكدار هێرشەكانی بۆسەر شاری روومادی دەستپێكردوە، هاوكات هێزە ئەمنییەكانیش زیانێكی زۆریان بە چەكدارانی داعش گەیاندووە".
Top