مالیكی گاڵتەی بە رێككەوتنی هەولێر و بەغدا دێت

 مالیكی گاڵتەی بە رێككەوتنی هەولێر و بەغدا دێت
لەمیانی سەردانیكردنی پارێزگاكانی باشووری عێراق، نووری مالیكی جێگری سەرۆككۆماری عێراق لە شاری ناسریە دەڵێ "دەبێ هەرێمی كوردستان هەموو داهاتە نەوتییەكانی رادەستی بەغدا بكات و رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و وەزارەتی نەوت تەنیا بۆ راكێشانی عاتیفەیە".

نووری مالیكی رۆژانە سەردانی پارێزگا شیعەنشینەكان دەكات و لەگەڵ بەرپرسە لۆكاڵییەكان كۆدەبێتەوە.

لە ناسریە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی كێشەكانی هەولێر و بەغدا دەكات و دەڵێ : "شتێك نییە بە ناوی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە بودجەدا، ئەوەی هەیە بریتییە لە 17% بۆ هەرێمی كوردستان و مووچەش لەوە دەدرێ، بەڵام دەبێ هەرێمی كوردستانیش پابەندبێ و گشت داهاتەكانی بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا".

لەبارەی دوایین رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، كە بڕیارە لەبەرامبەر ناردنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بەغدا ملیارێك دۆلار بنێرێ، مالیكی گوتی: "ئەو رێككەوتنە تەنیا بۆ راكێشانی عاتیفەیە، ئەگینا نەوتی كوردستان وەك بەسرە هی هەموو عێراقییەكانە".

لە رۆژی بڵاوكردنەوەی رێككەوتنەكەوە تەلەڤزیۆنی ئافاقی سەر بە نووری مالیكی رۆژانە رەخنە لە رێككەوتنەكە دەگرێ و پێیانوایە بەغدا سازشی كردووە.









رووداو
Top