لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی كڕینی چەك لە سەردەمی مالیكیدا دەكرێت
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە kdp info-ی راگەیاند، "لێكۆڵینەوە لە هەموو گرێبەستەكانی چەك دەكەین كە لە سەردەمی (مالیكی)ـدا ئەنجام دراون، بەو پێیەیش كە لە سەردەمی (نووری مالیكی)ـدا چەندین گرێبەستی چەك لە وڵاتانی دەرەوە كراون، لیژنەكەمان بڕیاری داوە لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو گرێبەستانە بكات".
(شاخەوان) ئاماژەیشی دا كە، گرێیبەستەكانی چەككڕین بە تایبەت گرێبەستەكانی چەك و فڕۆكە و تەقەمەنی، گومانی زۆریان لەسەرە. گوتیشی، "جگە لە گرێبەستەكانی چەككڕینی سەردەمی (مالیكی)، برٍیارمان داوە لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو گرێبەستانەی چەك بكەین كە تاوەكو ئێستا كراون".
ئەو ئەندامە كوردەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیشی كردەوە، (مالیكی) كاریگەری بەسەر سوپاوە ماوە، بەڵام رۆژ بە رۆژ لاواز دەبێت، چونكە سەرجەم بەرپرسەكانی سوپا پێشووتر لە لایەن (مالیكی)ـیەوە داندراون، بۆیە كاریگەری ئەو بەسەریانەوە ماوە، بەرەو لاوازی دەچێت.
