جێگری ئەبوبەكر بەغدایی كوژرا

 جێگری ئەبوبەكر بەغدایی كوژرا
بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ دەڵێت، بە هۆی بۆردوومانەكانی مۆڵگەكانی داعش لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە، جێگری كاروباری دارایی ئەمیری داعش (ئەبوبەكر بەغدایی)، كوژراوە.



بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە ناوچەی دەواسەی شاری مووسڵ مۆڵگەكانی داعشیان بۆردوومان كردووە و لە ئاكامدا جێگری ئەمیری داعش بۆ كاروباری دارایی بە ناوی (ویسام فەلاح ئەلشەمەری) كوژراوە.



(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، تیرۆریستانی داعش ئامر فەوجی پۆلیسی فریاكەوتنی تەلەعفەریان بە ناوی عەقید (ئەحمەد جەرجیس خەلەف جبووری) كوشتووە.

روونیشی كردەوە كە، داعش لە مووسڵ كاندیدێكی هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵی بە ناوی (بەسینە ئیبراهیم) كە لەسەر لیستی پەرلەمانتار (حەسەن عەلۆ) كاندید بوو، بە بڕیاری دادگەی شەرعی لە پێش چاوی خەڵك لە ناوچەی ئاسكی مووسڵ گولـلەباران كردووە.


بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ راشیگەیاند، چەكدارانی داعش 150 ژن و پیاویان لەناو مزگەوت و بازاڕەكان بڵاوە پێ كردوون بۆ كۆكردنەوەی زانیاری بۆ رێكخراوەكەیان.
(ڕەجەب) ئەوەیشی خستە ڕوو، شەوی رابردوویش فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە چەندین شوێنی مووسڵ مۆڵگەكانی داعشیان بۆردوومان كردووە و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون.
Top