پەرلەمان بانگهێشتی نووری مالیكی دەكات.. لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پەرلەمان لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ پێك هێنا و ئەو لیژنەیە لە 11 كەس پێك هاتووە كە خەڵكی مووسڵیشیان تێدایە و منیش یەكێكم لە ئەندامی ئەو لیژنەیە، كە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بەلێكۆڵینەوەكان بكەین."
(شاخەوان) گوتیشی، "سەرەتا 20 ئەفسەری پلەدار بۆ لێپرسنەوە بانگهێشت دەكەین كە بەرپرسی فیرقە و ئەفسەرانی هەواڵگریی تێدان بۆ ئەوەی بزانین هۆكارەكەی چییە و چ كەمتەرخەمییەك هەبووە."
دەشڵێت، بەڵگە هەیە كە شەش مانگ پێشتر و چوار رۆژ پێش كەوتنی مووسڵ، (نووری مالیكی) لە كەوتنی مووسڵ ئاگادار كراوەتەوە، بەڵام رێكارەكانی نەگرتووەتە بەر و هیچ كارێكی نەكردووە بۆ رێگریكردن لە كەوتنی و بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش لێدوانیان هەیە كە ئاگاداریان كردووەتەوە، بەڵام گوێی پێ نەداوە، بۆیە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەویشدا دەكەن و بۆ پەرلەمان بانگهێشت دەكرێت.
