هێزی پێشمەرگە بنكەكانی داعش لە مووسڵ بۆردوومان دەكات
سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14 ی مووسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان رايگەیاند: "شەوی رابردوو لە میحوەری باشیك هێزی پێشمەرگە بنكەو بارەگاكانی چەكدارانی داعشی بە چڕی هاوەنبارانكردو لە ئاكامدا زیاتر لە 10 چەكداری داعش كوژران، لەگەڵ سووتانی 3 ئۆتۆمبێلی جۆری هەمەر، هەروەها لە ناوچەی بەنداوی مووسڵ و لە هەرسێ میحوەری گوندەكانی عەین مانع، سەحلیج و موفری چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر بنكەو خاڵە سەربازییەكانی پێشمەرگە، بەڵام بەتووندی بەرپەرچ دراونەتەوەو زیاتر لە 25 چەكداری داعش كوژران".
گوتیشی: " بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتووە دوای ئەو شكستانە نزیكەی 75 چەكداری داعش كە پێنجیان بەڕەگەز سعودین چەكەكانیان فڕێداوەو بەرەو سووریا رایانكردووە، بڕیاریشانداوە هەر ماڵێك دوو كوڕی هەبێت دەبێ كوڕێكیان بنێرنە بەرەكانی جەنگ".
لەبارەی رەوشی ناوخۆی شاری مووسڵیشەوە سەعید مەموزینی رايگەیاند: "رێكخراوی داعش بەپێی قۆناغەكانی خوێندن كرێی بەسەر قوتابیاندا سەپاندووە قۆناغی سەرەتایی دەبێ مانگانە 25 هەزار دینار بدات، قۆناغی ئامادەیی 50 هەزار و قۆناغی زانكۆش 75 هەزار دینار، هاوكات دەبێت بەرگی یەكپۆشیش بپۆشن و هاوشێوەی بەرگی ئەفغانییەكان بێت، فەرمانیشیان بە بەرگدرووەكان كردووە تەنها جلی ئەفغانی بدروون".
بەرپرسی راگەیاندنی لقی مووسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها گوتی: " لە رۆژئاوای شاری مووسڵ گۆڕێكی بە كۆمەڵ لەلایەن هاووڵاتیانی ناوچەكە دۆزراوەتەوەو شەش تەرمی تێدایە، بەڵام دیارنییە تەرمەكان هی هێزە ئەمنییەكانی عێراقن یان بەرهەڵستكارانی داعشن و خۆی كوشتوونی، چونكە ناوەناوە كۆمەڵێك دەكوژێت بە نهێنی لە نێوگۆڕێكی بەكۆمەڵ دەیانشارێتەوە".
رووداو
