ئەنبار..هێزێكی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێكهێنرا
هاوشێوەی هێزەكانی ئافرەتی پێشمەرگە، ژنانی ئەنباریش خۆیان ئامادە دەكەن بۆ هەڵگرتنی چەك و شەڕكردن لەگەڵ داعش، كە نزیكەی دوو مانگە شارەكەیان رووبەڕووی هەڕەشەكانی داعش دەبێتەوە.
ژنان و كچانی ئەنبار رێكخراوێكیان پێكهێناوە بە ناوی (كچانی حەق) وەك بەشێك لە چەكدارە خۆبەخشەكان بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش، ئەوەش یەكەم هێزی ژنانە لە عێراق كە ئەنجوومەنی عەشیرەتەكانی ئەنبار دانی پێداناوە و ئێستا مەشق و راهێنانی سەربازییان پێدەكات و دواتریش دابەشدەكرێن بەسەر ناوچەكانی ئەنبار بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزە ئەمنییەكان و چەكداری عەشیرەتەكان دژی چەكدارانی داعش بجەنگن.
چاودێران دەڵێن نزیكەی 50 ئافرەت ئامادەیی خۆیان نیشانداوە خۆبەخشانە دژی ئەو گوشارە تووندڕەویانەی لەسەر ژیانی ئافرەتان و كوشتنی پیاو و منداڵانیان و كۆچپێكردنیان بۆ پارێزگاكانی دیكە هەیە بجەنگن.
هەرچەندە ئەو رێكخراوە نوێیە رەخنەی لێگیراوە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی وڵاتدا چەكی هەڵگرتووە، بەڵام بەشێكیش پشتگیرییان كردوون.
رووداو
