عادل عەبدولمەهدی: دابڕانی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی كەسمان نەبوو

 عادل عەبدولمەهدی: دابڕانی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی كەسمان نەبوو
سەبارەت بە پرسی نەوت و غاز لە عێراق، عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ چەند پارێزگارێكی عێراق لە بەغدا ئەنجامدا.

عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق گوتی: ''دەبێ گۆڕانكاری لە یاسای نەوت و غاز بكرێت، چونكە هەندێ كەموكوڕی تێدایەو تاوەكو لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستادا بگونجێت، هەروەها بۆ ئەوەی تایبەتمەندی ئەو پارێزگایانە لەبەرچاو بگیرێت كە بەرهەمهێنی نەوتن، تاوەكو خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بە هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایانە بكرێت''.

هەرچی پەیوەستە بە دوایین رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر پرسی هەناردەكردنی نەوت، عادل عەبدولمەهدی گوتی: ''دابڕانی نێوان بەغداو هەولێر بێئاگای كردین لەبەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئەمەش لەبەرژەوەندی هیچ لایەكمان نەبوو، بەڵام هەوڵدەدەین كۆتایی بەو كێشانە بێت، ئێمە چاوەڕێی سەردانی نێچیرڤانی بارزانی دەكەین بۆ قسەكردن لەسەر وردەكارییەكانی هەناردەكردنی نەوت و خۆشحاڵدەبین بەو سەردانە''.

هەروەها لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان گوتی:" ئێمە رازیبووین لەسەر كرانەوەی پرۆسەكە، ئەو هەنگاوانەی دەگیرێتە بەر بریتییە لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان 150 هەزار بەرمیل نەوت لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی رەوانەی دەرەوە دەكات، هەروەها حكومەتی فیدڕاڵی 500 ملیۆن دۆلار دادەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە تەنیا شتێكە هەردوولا لەسەری رێككەوتووین بۆ كراونەوەی پرۆسەكە، كاتێك كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات، گفتوگۆی زیاتر بەڕێوەدەچن".






رووداو
Top