فەرماندە و بەرپرسە نوێكانی وەزارەتی بەرگری، لە پەرلەمانەوە دەستنیشان دەكرێن
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (نووری مالیكی)، ژمارەیەكی زۆری فەرماندە سەربازییەكانی سوپای عێراقی گۆڕین و كەسانی نزیك لە خۆی بە بریكار لە جێگەی ئەوانی پێشوو دانا. ئەو گۆڕانكاریانەی (مالیكی) بە بێ گەڕانەوە بۆ دستەڵاتی پەرلەمان بوو، بینرا كە، لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعشدا بۆ سەر عێراق، سوپای عێراق ورەی رووخا و لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، سەركەوتوو نەبوو. لە ئێستادا سەرۆكوەزیرانی عێراق بەنیازە دووبارە هەیكەلی سوپای عێراق، بونیات بنێتەوە، لە دەسپێكیشدا، بڕیاری گۆڕانكارییەكەی دەست پێ كرد و 26 بەرپرس و فەرماندەی سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، گۆڕی.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە kdp.inf-ی راگەیاند، سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)، نووسراوێكی ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق كردووە و بەپێی ماددەی 61-ی دەستووری عێراق، داوای كردووە پەرلەمان دەستەڵاتی خۆی بۆ دیاریكردنی پۆستە ئەمنییەكان بەكار بهێنێت كە، بەپێی ئەو ماددە دەستوورییە، پێویستە لە بەرپرسی فیرقە بۆ سەرووتر، لە لایەن پەرلەمانەوە دیاری بكرێن، چونكە لە كابینەكانی پێشتر (نووری مالیكی) بە بێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی پەرلەمان، بە ئارەزووی خۆی كەسانێكی بۆ پۆستە ئەمنییەكان دەستنیشان كردبوون و ئەو ماددە دەستووریانەی پێشێل كردبوون.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) دەشلێت، "بڕیارە بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەك ساز بدەین و، دواتریش نووسراوێك ئاراستەی حكوومەت دەكەین، تا بۆ هەر پۆستێك لەوانە دوو تا سێ كاندید دیاری بكات و دواتر لە پەرلەمان، پەسەند بكرێت".
بە گوێرەی زانیارییەكانی (شاخەوان)، گۆڕانكاری لە گشت پۆستە سەربازییەكاندا دەكرێت، تەنانەت پۆستی سەرۆكئەركان و دەزگای هەواڵگرییش دەگرێتەوە و دەڵێت، كوردیش بەپێی ئیستحقاقی خۆی پشكی لەو پۆستانە دەبێت و پێویستە ئەو پۆستانەیش بەپێی رێككەوتن لە نێوان كوتلەكانەوە بێت، چونكە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت.
لای خۆیشییەوە پسپۆڕی بواری سەربازی و ئەندامی خولی پێشووی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (حەسەن جیهاد)، بە kdp.info-ی گوت، لە ئێستادا بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان لایەنەكان، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە رێگەی پەرلەمانەوە گۆڕانكاری لە پۆستە سەربازییەكاندا دەكات.
(جیهاد) رایگەیاند كە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆیە گۆڕانكاری لە پۆستەكانی وەزارەتی بەرگریدا دەكات، چونكە دەزانێ كە بەرپرسانی سەربازیی پێشووتر لە جەنگی دژ بە تیرۆر سەركەوتوو نەبوون. هاوكات راشیگەیاند كە، بەپێی دەستوور پێویستە سەرۆكوەزیران گشت پێكهاتەكان لە پۆستە باڵاكانی وەزارەتی بەرگری، بەشداری پێ بكات.
ئاماژەیشی دا كە، لە خولی پێشوودا لە كۆی 64 بەرپرسی لیوا، تەنیا 6 بەرپرسی لیوا كورد بوون، لە 14 فیرقەیش تەنیا دووانی كورد بوون، بۆیە پێویستە ژمارەی بەرپرسانی كورد لە لیوا و فیرقەكان زێتر بكرێن.
