ئەم هەفتەیە پەرلەمان دەست بە لێكۆڵینەوە لە رفاندنی هاووڵاتیانی كورد و سوننە دەكات
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە سنووری پارێزگای دیالە لە رێگەی بەغدا ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد و سوننە رفێندران، دواكارییەكمان ئاراستەی پەرلەمان كرد بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە بكرێت، بۆیە پەرلەمان بڕیاری دا لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە دروست بكرێت و بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەو لیژنەیە دەست بەلێكۆلێنەوە بكەن".
(شاخەوان) گوتیشی، چەند شوێنێك دەستنیشان كراون بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئەو شوێنانە بانگهێشت بكرێن و لێكۆڵێنەوەیان لەگەڵدا بكرێت، كە شەش بەرپرسی ئەمنین و ئەفسەری هەواڵگرییشیان تێدایە و دەستیان لەو كارەدا هەبووە، چونكە ئەوان هاووڵاتییەكان دەڕفێنن و رادەستی هەندێك كەسیان دەكەن و بۆ شوێنێكی نادیار دەیانبەن، دواتریش بە پارە ئازادیان دەكەن.
زیاتر گوتی، دوای ئەوەی پەرلەمان دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، دیاردەكە خەریكە نامێنێت و رەنگە بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە بە یەكجاری بنبڕ بكرێت، چونكە هەستیان كردووە كە لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە.
بەپێی ئامارێك تاوەكو ئێستا جگە لە هاووڵاتیانی سوننە، زیاتر لە 25 هاووڵاتیی كورد لە سنوری پارێزگای دیالە لە رێگەی بەغدا رفێندراون و زۆرینەیان بە پارە ئازاد كراون.
