پنتاگۆن: 1.6 ملیار دۆلار بۆ مەشقپێكردنی هێزەكانی عێراق تەرخاندەكات
جۆن كێربی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بڕی 1.6 ملیار دۆلاری بۆ پشتگیریكردن و مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش تەرخانكردووە".
گوتیشی: "ئەو بڕە پارەیە بەشێكە لەو 5.6 ملیار دۆلارەی باراك ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ لەناوبردنی رێكخراوی داعش داوایكردبوو".
جۆن كێربی ئاشكراشیكرد "ئەو بڕە پارە تەرخانكراوە بۆ پڕۆگرامی مەشق و راوێژی سەربازیە كە كۆشكی سپی رەزامەندی لەسەر نیشانداوە، هاوكات ئەو 1500 راوێژكارە سەربازییەش دەگرێتەوە كە بڕیارە بۆ ئامادەكردنی هێزەكانی عێراق لەماوەی چەند مانگی داهاتوو رەوانەی عێراق بكرێت".
رۆژی شەممە 8-11-2014 وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند سوپای ئەمریكا بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش بە بڵاوكردنەوەی 1500 سەربازی دیكە لە عێراق هەوڵەكانی زیاتر دەكات، دووپاتیشیكردەوە كە بۆ مەشقپێكردنی نزیكەی 10 لیوا دوو ساربازگە دادەمەزرێنێت.
حەیدرە عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق خۆشحاڵی خۆی لەم هەنگاوەی ئەمریكا نیشانداو دووپاتیكردەوە كە پێشتر حكومەتی عێراق داوای لە ئەمریكا كردبوو لە رووی مەشق و راهێنانی سەربازیەوە هاوكاری سوپای عێراق بكات، بۆ ئەم مەبەستەش پێنج سەربازگە تەرخانكراون.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێشتر ئاشكرایكرد كە عەبادی داوای لە ئەمریكا كردووە هێزی زیاتر رەوانەی عێراق بكات.
رووداو
