عەبادی داوادەکات ئاشتی هەورامی بچێتە بەغدا

 عەبادی داوادەکات ئاشتی هەورامی بچێتە بەغدا
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە حەیدەر عەبادی داوادەکات ئاشتی هەورامی بە زووترین کات سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی هەولێر و بەغدا. ئەو ئاماژە بەوەدەکات کە عەبادی مەبەستییەتی کێشەکان چارەسەر بکات و بۆ ئەو مەبەستەش نەرمە.

رافد جبووری، گوتەبێژی عەبادی لە لێدوانێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند:"سەرۆکوەزیران باوەڕی وایە کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارسەر دەبن".

رۆژی شەممە لە بەغدا فوئاد مەعسوم سەرۆککۆماری عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان کرد. جبووری لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە بە (رووداو)ی گوت، کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کێشەکان چارەسەر بکرێن.

هەروەها گوتیشی:"سەرۆکوەزیران عەبادی داوایکردووە بەونزیکانە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات لەبارەی قسەکانی ئەم دواییەی لەسەر داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان".

لە کۆڕبەندی مێری لە هەولێر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبوو کە داهاتی نەوتی کوردستان لە کۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە 3 ملیار دۆلار و هەر ئەمساڵ زیاتر لە 34 ملیۆن بەرمیل نەوتی کوردستان هەناردەکراوە.

گوتەبێژەکەی عەبادی ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ئامادەیە نەرمی بنوێنێ و دەیەوێ کێشەکان چارسەربکرێن. گوتیشی "با هەموو خەڵکی کوردستان بزانن کە عەبادی نەرمە و مەبەستییەتی کێشەکان چارەسەر بکات، بەوشێوەیە نییە کە لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە گوایە تووندەو ویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە".








رووداو
Top