زێباری: بەغدا یەك ملیار دۆلاری بۆ چەكدارانی شیعە خەرجكردووە
زێباری زۆرتر دەڵێ: "بەشێك لە كێشە ئابوورییەكانی ئەمڕۆی عێراق لە خەرجییەكانی چەكدارانی خۆبەخشی شیعە و سوپای عێراق و گرێبەستە سەربازییەكان سەرچاوەیان گرتووە، چونكە حكومەت بەبێ پلانی گونجاو بودجە لە بواری سەربازی خەرجدەكات، جگە لە خەرجكردنی زۆرتر لە یەك ملیار دۆلار بۆ چەكدارانی خۆبەخشی شیعە لە چوار مانگی رابردوو".
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە "حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی ناوەندین، بۆئەوەی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بنێرێ و دواتر هەردوولا دانووستان دەستپێبكەن، بۆئەوەی هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی هەناردەكراوی خۆی رەوانەی گەنجینەی عێراق بكات".
هۆشیار زێباری ئەوەشی خستەڕوو كە "خەرجكردنی بێسنووری سامانی عێراق بۆ چەكدارانی خۆبەخش هەلی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لەبار دەبات، چونكە كاریگەری چەكدارانی خۆبەخش لە دژی داعش جێی پرسیارە، بەتایبەت دوای ئەوەی داعش زۆرتر لە ٣٠٠ ئەندامی هۆزی ئالبونمری لە پارێزگای ئەنبار كوشت، چونكە ئەو هۆزە بەشداریان لە پێكهێنانی هێزی خۆبەخش كرد لە دژی داعش".
زێباری دەشڵێ "لە هەوڵی پەیوەندیكردنداین بە هۆزەكانی سوننە لە عێراق، بەڵام خەڵكی لە چاوەڕوانی كردارن نەك وتە، بۆیە دەكرێ خێراتر بجوڵێینەوە، حكومەتی عێراق ناتوانێ راستەوخۆ كۆمەك بۆ هۆزی ئالبونمر و هۆزەكانی دیكە بنێرێ، چونكە ئاستەنگەكان لەسەر زەوی زۆرن، حكومەت پەیوەندی بە ئەندامانی هۆزەكەوە نەماوە، لەودەمەی داعش پردێكی زۆری لە ناوچەكە تەقاندووەتەوە".
وەزیری دارایی عێراق راشیگەیاند "دەبێ پێكهێنانی هاوپەیمانی نێوان حكومەتی عێراق هۆزەكانی سوننە لە ئەركە هەرە لە پێشەكانی حكومەت بێ، چونكە پاڵپشتی ئاسمانی فرۆكەكانی ئەمریكا بەس نین و هێرشی ئەو فرۆكانەش كێشەكە چارە ناكات، پێویستمان بە هێزی وشكانی هەیە و تەنها هۆزەكانی سوننە بەپاڵپشتی حكومەت دەتوانن ئەو هێزە دروست بكەن".
هۆشیار زێباری جەختی لەوەش كردەوە كە "هەرچەندە داعش شانەی نووستوو و هاوسۆزانی لە نێو بەغدا هەیە و دەتوانێ تەقینەوە لە پایتەختی عێراق ئەنجام بدات، بەڵام چەكدارانی داعش ئێستا ناتوانن هەڕەشە لە بەغدا بكەن".
وەزیری دارایی عێراق هاوكات بەڵێنی دا ساڵی ٢٠١٥ هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٤ نەبێ و وەزارەتی دارایی بودجەی فیدراڵی گونجاو بۆ ساڵی ٢٠١٥ ئامادە بكات، گوتیشی "بە كورتی عێراق بەبێ شكستپێهێنانی داعش ناتوانێ هەنگاوێك بچێتە پێشەوە، چونكە داعش پلانی بەهێزكردنی دەوڵەتەكەی هەیە، بۆیە عێراق ناتوانێ پێشكەوێ لەكاتێكدا داعش دەستی بەسەر چەند پارێزگایەكیدا گرتووە".
رووداو-رۆیتەرز
