سەرچاوەیەک: فرەباڵی لە نێو داعشدا دروست بووە.. زەواهیری داوای لادانی ئەبوبەکر بەغدایی دەکات

 سەرچاوەیەک: فرەباڵی لە نێو داعشدا دروست بووە.. زەواهیری داوای لادانی ئەبوبەکر بەغدایی دەکات
بەرپرسێکی ئاگاداری پارتی لە دۆخی داعش لە نێو مووسڵ، دەڵێ، فرەباڵى لە نێو داعشدا درووست بووە و زانیارییەکانیانیش لە مووسڵ جەخت دەکەنەوە لەوەی کە، هەڕەشە لە ئەمیرى مووسڵى داعش کراوە کە دەبێت توندوتیژ بێت بەرامبەر ئەو خەڵکانەى کە دژى داعشن لە ناو مووسڵ و، هەندێک لەوانە بکوژێت و هەندێکیشیان رێوشوێنى توندتریان بەرامبەر وەربگیرێت و ژمارەیەکیش سەرانەیان لێ وەربگیرێت و هەندێکیشیان زیندانى بکات.

بەرپرسى ڕاگەیاندنى لقى 14-ى پارتیى دیموکراتى کوردستان لە مووسڵ(سەعید مەموزینی) بەKDP.INFO ـى ڕاگەیاند: "(ئەبوبەکر بەغدایى) سەرەڕاى ئەوەى هیچ گومان لە برینداربوونى نییە، بەڵام لە رێگاى نوێنەری خۆیەوە، هەڕەشەى لە ئەمیرى مووسڵى رێکخراوەکەیان کردووە کە دەبێت توندوتیژتر بێت بەرامبەر ئەو خەڵکانەى کە دژى داعشن لە ناو مووسڵ، بۆیە دەبێ هەندێکی ئەوانەی دژایەتیی داعش دەکەن بکوژێن، هەنێکیان رێوشوێنى توندتریان بەرامبەر وەربگیرێت و هەندێکیشیان سەرانەیان لێ وەربگیرێت و ژمارەیێکیشیان زیندانى بکەن."

(مەمووزینی) گوتیشى: "دوێنێیش لە ئەنجامى فڕێدانى چەک لە ریزەکانى تیرۆریستانى داعشدا، پێنج چەکدارى خۆیانیان لە تەلەعفەر گولـلەباران کردوون."

(مەمووزینى) بەم شێوەیە باس لە ناکۆکییەکانى ریزەکانى تیرۆریستانى داعش دەکات و دەڵێت، "رێکخراوی تیرۆریستانى داعش جۆرێک لە ناکۆکى لە نێوانیاندا هەیە و ڕایێک هەیە بۆ ئەوەى (ئەبوبەکر بەغدایى) لابدرێ و، لە رێگای (ئەیمەن زەواهیری)-یەوە کە دەستى باڵاى لە ناو ئەو رێکخراوەدا هەیە، ئەو پرسانە دژى بەغدایى دەوروژێنێت، چونکە لە قسەکانى (زەواهیری) دەرچووە و فرەباڵى لە ناویاندا درووست بووە و هەیانە پشتیوانی لە ڕای (ئەیمەن زەواهیرى) دەکەن و هەیشیانە پشتیوانیی (بەغدایى) دەکەن، ئەوان رێکخراوێکن لەسەر بنەمای توندوتیژى دروست بوون و بەرامبەر یەکترییش توندووتیژى بە کار دەهێنن."

جێى وەبیرهێنانەوەیە کە هەمان سەرچاوە رۆژى 28/ 10/2014 بە KDP.INFO راگەیاند کە، (ئەبوبەکر بەغدایى) کە بە خەلیفەى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراوە، لە شارۆچکەى تەلەعفەر بریندار بووە و، ئەمەش لەو کاتەدا بووە کە فڕۆکە جەنگییەکان بۆردوومانى ئەو ناوچەیەیان کردبوو.
Top