بەغدادی ئیعترافی كرد

 بەغدادی ئیعترافی كرد
بەپێی هەواڵی میدیاكان ئەبوبەكر بەغدادی، كە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بە "خەلیفە"ی خۆیانی دەزانن، دانی بەوەدا ناوە كە دەزگای هەواڵگریی عێراق توانیویەتی دزە بكاتە نێو ریزەكانی رێكخراوەكەی.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی جیهان، بەغدادی داوای لە بەرپرسانی داعش كردووە چیدیكە كەسی عێراقی وەرنەگرن ‌و گوتوویەتی، چونكە دەزگای هەواڵگریی عێراق توانیویەتی خەڵك بنێرێتە ریزەكانی داعش.

ئاژانسی رو‌وسیا ئەلیەوم بەپێی سەرچاوەیەكی تایبەت بەخۆی هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوەو ئەو سەرچاوەیە دەڵێ ئەبوبەكر بەغدادی گوتوویەتی لەمەودوا كەسی عێراقی وەرنەگرن، بەڵكو دەبێ هەوڵبدەن كەسی بیانی ببەنە ریزەكانیانەوە.

ماوەیەكە چەكدارانی داعش لە عێراق لە پاشەكشەدان و ئەو شوێنانەی پێشتر كۆنترۆڵیان كردبوون، سوپای عێراق بە هاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لەدەستیانی رزگاركردووە، بەغدادیش هۆكاری ئەو شكستانەی بۆ بوونی چەكدارە عێراقییەكان گێڕاوەتەوەو پێیوایە ئەوان هاوكاریی سوپاو دەزگای هەواڵگریی عێراق دەكەن.








رووداو
Top