سیستانی داوای پاراستنی هۆزەكان لە حكومەت دەكات

 سیستانی داوای پاراستنی هۆزەكان لە حكومەت دەكات
مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، داوای لە حكومەتی عێراق كرد، یارمەتی هۆزە سوننەكان بدات، كە بڕیاریانداوە شەڕی داعش بكەن، یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی بونەمریش، كە هاوكات بەرپرسێكی ئەمنیە، ئاشكرایكرد داعش 50 كەسی دیكەی عەشیرەتەكەی ئەوانی سەربڕیوە و لە شوێنێكی دیكەشدا 35 تەرمی دیكەیان دۆزراونەتەوە.

چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش)، رۆژی هەینی 85 كەسیان لە ئەندامانی هۆزی بونەمر لە پارێزگای ئەنبار سەربڕی.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، عەلی سیستانی لە وتارێكیدا، كە دوای نوێژی هەینی لەلایەن یەكێك لە راوێژكارەكانی لەشاری كەربەلا خوێندراوەتەوە، گوتوویەتی "ئەوەی دەوڵەتی عێراق ناچارە ئەنجامی بدات، داكۆكیكردنی خێرایە لە هۆزە سوننەكان، كە بەرەنگاری داعش بوونەتەوە".
ئەو پەیامەی سیستانی دوای ئەوە راگەیەندرا، كە بەلانی كەمەوە 230 كەس لە عەشیرەی بونەمر لەلایەن چەكدارانی داعش لە شاری هیت لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار لە سێ رۆژی رابردوودا گوللەباران كراون، یان سەریان بڕدراوە".
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، چەكدارانی داعش رۆژی هەینی 85 كەسیان لە ئەندامانی هۆزی بونەمر لە پارێزگای ئەنبار سەربڕیوە.

شێخ نەعیم كەعود، یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی بونەمر، كە هاوكات بەرپرسێكی ئەمنیشە، بە رۆیتەرزی گوتووە "داعش 50 ئاوارەی عەشیرەتی بونەمری رۆژی هەینی سەربڕیوە، لە شوێنێكی دیكەشدا 35 تەرمی دیكە دۆزراونەتەوە".

شەوی چوارشەممە لە ناوچەی چۆڵەوانی بو عەلی جاسم لە نزیك دەریاچەی سەرسار لە باكووری روومادی، تەرمی 150 كەسی سەر بە هۆزی بونەمر دۆزرایەوە، كە چەكدارانی داعش گوللەبارانیان كردبوون.

لە گرتەیەكی ڤیدیۆیشدا، كە ئەمڕۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، سەدان سەر مەڕی ئەو هۆزە لەلایەن چەكدرانی داعش دەبردرێت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی ئەوەی پشتراست نەكردووەتەوە.

هەروەها لە بەیاننامەیەكدا، جین ساكی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە توندی ئیدانەی كومەڵكوژی هۆزە سوننییەکانی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەكات و داوای دیاریكردنی ناسنامەی بكەرانی ئەم تاوانەو لێپرسینەوە و سزادانیان دەكات.





رووداو
Top