عەسائیبی ئەهلی حەق حاشا لە 50 چەكداری خۆی دەكات

 عەسائیبی ئەهلی حەق حاشا لە 50 چەكداری خۆی دەكات
گرووپی چەكداری عەسائیبی ئەهلی حەقی شیعەمەزهەب لە عێراق، حاشا (بێبەرییبوونی خۆی) لە زیاتر لە 50 چەكداری خۆی رایگەیاند.

بەپێی بەیاننامەیەکی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، "ئەو چەكدارانە سەرچاوەی مەترسین بۆ سەر كۆمەڵگە و تاوانی رفاندن و رووتاندنەوەیان ئەنجامداوە".

گرووپەکە لە بەیاننامەکەیدا هەروەها رایگەیاندووە، "بەهۆی زۆربوونی دیاردەی رفاندن و رووتاندنەوە لە هەموو ناوچەكانی عێراق بەشێوەیەكی مەترسیدار، هاوكات لەبەر تێوەگڵانی 53 چەكداری عەسائیبی ئەهلی حەق لە تاوانەكانی رفاندن و رووتاندنەوە، عەسائیبی ئەهلی حەق بڕیاریدا ئەو چەكدارانە لە خۆی بێبەریی بكات".

عەسائیبی ئەهلی حەق هاوكات لیستێكی بەناوی ئەو چەكدارانە بڵاوكردووەتەوە و دەڵێ، زۆربەیان دانیشتووی بەغدان، بەتایبەت ناوچەكانی حورییە، زەعفەرانییە، مەحمودییە، قاهیرە و حوسەینییە و داوا لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكات، ئەو چەكدارانە دەستگیر بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق كە بە هاوپەیمانی سەرەكی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دەناسرێ و چاودێران دەڵێن، ئەو گرووپە هاوكاری دارایی و سەربازی و تەنانەت پاڵپشتی سیاسی لە فەیلەقی قودسی ئێرانەوە وەردەگرێ.

هاوكات چەكدارانی گرووپەکە، كە ژمارەیان بە دەیان هەزار مەزەندە دەكرێت، لە چەند سەنگەرێك شانبەشانی سوپای عێراق لە دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەجەنگن.










رووداو
Top