ئەمریكا بەرێگەی ئاسمانی كۆمەك دەگەیێنێتە هۆزێكی ئەنبار
فەرماندەیی ناوەندی هێزە ئەمریكییەكان دەڵێ نزیكەی دوو هەفتەیە ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی گوندی زاویە لە نزیك شارۆچكەی هیت (١٩٠ كلم رۆژئاوای بەغدا) لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بەهۆی كۆنترۆڵكردنی گوندەكەیان لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) هەڵاتوون.
فەرماندەیی ناوەندی هێزە ئەمریكییەكان ئاماژەی بەوەشدا، كە ئاوارەكانی ئالبونمر ئێستا لە ناوچەیەكی نزیكی سەربازگەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار نیشتەجێن و لەسەر داوای حكومەتی عێراق فرۆكە ئەمریكییەكان هەفتەی رابردوو ٧ هەزار ژەمی خواردنیان بۆ ئەو ئاوارانە خستەخوارەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٦وە پشت بە چەكدارانی هۆزی ئالبونمر دەبەستێ بۆ رێگەگرتن لە هێرش و كردەوە چەكدارییەكانی رێكخراوی قاعیدە و دواتر بۆ رێگەگرتن لە پێشڕەوییەكانی داعش، بەڵام دوای زۆرتر لە دوو هەفتە بەرگریكردن چەكدارانی ئالبونمر ناچاربوون ئاگربەست لەگەڵ داعش رابگەیەنن و گوندەكەی خۆیان لە ئەنبار رادەستی داعش بكەن.
هاوكات بە رای چاودێرانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق ئەم هەنگاوەی ئەمریكا بەرامبەر هۆزێكی سوننە لە ئەنبار ئاماژەیەكی روونە بۆ سووربوونی ئەمریكا لەسەر بەكارهێنانی چەكدارانی هۆزەكانی سوننە لە عێراق لە شەڕی دژی داعش.
رووداو
