دەوڵەتی یاسا: چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پەیامێكی سیاسییە
عەلی ئەدیب، سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشمەرگە لە بنەڕەتدا هێزێكی عێراقییە و بۆ هەر جموجۆڵێكی لە دەرەوەی سنووری عێراق پێویستە رەزامەندی پەرلەمان و حكومەتی عێراق وەربگرێ، ئەمەش شتێكی سروشتییە، چونكە عێراق دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری خۆیەتی".
عەلی ئەدیب زۆرتر گوتی "چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پێشهاتێكی گرنگ و ترسناكە، چونكە پرسیاری گەورە ئەوەیە ئەو هێزە چ دەكات بۆ كۆبانێ، لەودەمەی ژمارەی ئەو هێزە زۆر كەمە، بۆیە دەڵێم چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پەیامێكی سیاسییە و پێویست بوو عێراق بڕیاری لێبدات".
سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا و نزیك لە نووری مالیكی ئاماژەی بەوەشدا كە "عێراق وڵاتێكی خاوەن سەروەرییە و مەنتقی نەتەوایەتی مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەكان ناكات، ناردنی پێشمەرگەی كوردستانیش بۆ وڵاتێكی دیكە پێچەوانەی دەستوور و یاساكانی عێراقە".
عەلی ئەدیب كە لە كابینەی پێشووی حكومەتی عێراق وەزیر بوو دەشڵێ "چوونی پێشمەرگە بۆ سووریا دەرگای كێشەی زۆرترمان لێدەكاتەوە هانی ناوچەكان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەدات بەبێ پرسكردن بە حكومەتی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ پرسەكانی خۆیان بكەن".
سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا كە خاوەنی نزیكەی ١٠٠ كورسی پەرلەمانە ئەوەشی خستەڕوو كە "بەشداریكردنی پێشمەرگە لە جەنگی سووریا رەنگە ببێتە هۆی دزەكردنی ئاڵۆزییەكانی سووریا بۆ نێو عێراق زۆرتر لەوەی ئێستا دزەی كردووە، دەرئەنجامەكانی بڕیارەكانی هەرێمی كوردستانیش كاریگەریان لەسەر هەموو عێراق دەبێ بەوپێیەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق".
نزیكەی ١٥٠ پێشمەرگە بە چەكی قورس و مامناوەند ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٢٨/١٠/٢٠١٤ بەرێگەی توركیا بەرەو شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان بەرێكەوتن بۆ بەرگریكردن لە شارەكە لە دژی هێرشەكانی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش).
رووداو
