"سوپا پلانی هەیە لە دوو رۆژی داهاتوو بێجی كۆنترۆڵ بكاتەوە"
عەمار حیكمەت، جێگری پارێزگاری سەڵاحەدین رايگەیاند: "بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بێجی، هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەرەو شارۆچكەكە جووڵەیان پێكراوەو دوای كۆنترۆڵكردنی رێگەی نێوان حەجاج ـ مەزرەعە لەلایەن هێزێكی هاوبەشی سوپاو دژە تیرۆرەوە هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەی مەزرەعە جێگیركراون، كە تەنیا دوو كیلۆمەتر لە شارۆچكەی بێجییەوە دوورە".
گوتیشی: "دوای ئەو سەركەوتنانەی بەدەستیهێنا سوپای عێراق پێویستی بە دووبارە خۆڕێكخستنەوەو خۆ ئامادەكردنەوە هەیە".
سەبارەت بە شاری تكریتیش، عەمار حیكمەت گوتی: "تاوەكو ئێستا شاری تكریت لە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعشدایە، بەڵام لەلایەن سوپای عێراقەوە گەمارۆدراوەو هەموو دەروازەكانی كۆنتڕۆڵكراون، بەپێی دوایین زانیارییەكانیش لەلایەن سەركردایەتی ئەمنییەوە پلانێك هەیە بۆ هەڵكوتانە سەر شاری تكریت".
هەر ئەمڕۆ رائد جبوری پارێزگاری سەڵاحەدین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "پڕۆسە سەربازییەكانی تایبەت بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تكریت بەردەوامەو هێزە ئەمنییەكان و هێزی خۆبەخشان بە پاڵپشتی فڕۆكەی جەنگی سەركەوتنی بەرچاویان بەسەر چەكدارانی داعش تۆماركردووە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردووش ژمارەیەك گوندو ناوچەی سنووری شاری تكریتیان كۆنترۆڵكردووەتەوە".
رووداو
