ناكۆكی لایەنەكان پێكهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتمانی دوادەخات

 ناكۆكی لایەنەكان پێكهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتمانی دوادەخات
پرۆژەی پاسەوانی نیشتمانی پارێزگاكانی عێراق، كە بڕیارە ئەركی سوپای عێراق لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاكاندا لە ئەستۆ بگرێ، گرفتێكی دیكەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی سوننە و شیعەیە لە عێراق.

سەرەڕای رێككەوتنی ئەو لایەنانە لەسەر پێكهێنانی ئەو هێزە، بەڵام راستییەكان ئاماژە بۆ دڵەڕاوكێی سیاسەتمەدارانی عێراق دەكەن بەرامبەر هێزی پاسەوانی نیشتمانی لەودەمەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوەخت رایگەیاند "دەبێ هێزی پاسەوانی نیشتمانی نەبێتە ئامرازێك بۆ ململانێی نێوان پارێزگاكان"، چونكە بە رای چاودێران دروستبوونی ئەو هێزە هەموو پارێزگاكانی عێراق هەر یەكەو بە تەنیا دەبنە خاوەنی سوپایەكی تایبەت ژمارەی 10 هەزار سەرباز تێدەپەڕێنێ.

چاودێرانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان وەك نموونە بۆ شەڕی نێوان هێزەكانی پاسەوانی نیشتمانی پارێزگاكانی عێراق دەهێننەوە، ئەوان دەڵێن ئەگەر شەڕی نێوان پارێزگاكانی عێراق لەشەڕی ناوخۆی كورد سەختتر دەبێت، چونكە ئەم شەڕە تەنها شەڕی ململانێی سیاسی نابێت، بگرە شەڕی ململانێی مەزهەبیش دەبێت و ئەگەری زۆر هەیە تەڕ و وشك بەیەكەوە بسوتێنێ و دەرئەنجام وەك چارەیەكی ناچاری بۆ كۆتاییهێنان بەو شەڕە عێراق بەسەر هەرێمی سوننە و هەرێمی شیعە دابەش بكرێت، ئەو كاتیش سیستمی كۆنفیدراڵی یان سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان دەبێتە راستییەك نكۆڵی لێناكرێت.

هاوكات سەرەرای كۆكبوونی لایەنەكان لەسەر گرنگی و پێویستی هێزی پاسەوانی نیشتمانی، بەڵام وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چەند رۆژی رابردوو رایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیران تا ئێستا پرۆژەیاسای پێكهێنانی ئەو هێزانەی تاوتوێ نەكردووە".

هەرچەندە عەبادی هۆكارەكانی ئاشكرا نەكرد، بەڵام چاودێرانی سیاسی عێراق دەڵێن لایەنەكانی شیعە ترسیان هەیە پێكهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتمانی رێگەیەكی ناراستەوخۆ بێ بۆ گەڕانەوەی كۆنە بەعسییەكان بۆ نێو دامەزراوە سەربازییەكانی عێراق، لەبەرامبەردا سوننەكان پێیانوایە هێزی پاسەوانی نیشتمانی كاریگەری و دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكانی شیعە كەمتر دەكاتەوە.

لای خۆیەوە هیشام سوهێل، سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات لە بەیاننامەیەكدا، رایگەیاند: "ئێمە لە دژی پێكهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتمانی نین، بەڵام بۆچوونی تایبەتمان لەبارەی ئەو پرسەوە هەیە، چونكە هەندێك لایەن وا تێگەیشتوون هێزی پاسەوانی نیشتمانی بۆ پاراستنی چەند پارێزگایەكی دیاریكراو (پارێزگا سوننە نشینەكان) پێكدەهێنرێ، ئەمەش بۆچوونێكی هەڵەیە".

سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا زۆرتر دەڵێ "هێزی پاسەوانی نیشتمانی جێگرەوەی سوپای عێراق دەبێ بۆ ئەنجامدانی هەندێك لە ئەركەكانی سوپا، بەجۆرێك سەربازێكی ئەو هێزە لە بەسرەی باشووری عێراق دەتوانێ بەرگری لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوا بكات، بەپێچەوانەی ئەمەش پێكهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتمانی دەبێتە هۆی دابەشكردنی عێراق".









رووداو
Top