دەوڵەتی یاسا: ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ سوکایەتیکردنە بە عێراق
محەممەد سەیهود، سەرکردەیەکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بڕیاری ناردنی هێزێکی پێشمەرگە بۆ شاری کۆبانێ لە باکووری سووریا لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە بەبێ رەزامەندی بەغدا سوکایەتیکردنە بە دەوڵەتی عێراق و پێچەوانەی دەستووری فیدراڵییە، جگە لەوەی رژێمی سووریا رێگە بەو دەستوەردانە نادات".
محەممەد سەیهود گوتیشی "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەبێ ملکەچی یاسا و دەستووری عێراق بێت، بۆیە هەرێمی کوردستان مافی ناردنی هێزی پێشمەرگەی نییە بۆ وڵاتێکی دیکە و بۆ دەستوردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە بەبێ رەزامەندی حکومەت و پەرلەمانی عێراق".
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشدا، کە "پێویست بوو لەسەر هەرێمی کوردستان لەکاتی داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە پێشمەرگەی بۆ بەرگریکردن لە مووسڵ بناردایە نەک هێز بۆ سووریا بنێرێ".
ئەمە لەکاتێکدایە سەرکردەیەکی دیکەی دەوڵەتی یاسا پێشوەخت لە بەیاننامەیەکدا داوای لە فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری عێراق کرد هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ ئاشکرا بکات.
هاوکات دوای بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بە ناردنی هێزێکی پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ، چاوەڕوان دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو هێزە بە رێگەی تورکیاوە بگاتە کۆبانێ. لەودەمەی شەڕوپێکدادانی سەختی نێوان چەکدارانی داعش و شەرڤانانی یەپەگە بەردەوامە هاوکات لەگەڵ بەردەوامی هێرشی فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش لە کۆبانێ.
